وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى: ئەرکى پشکنەرانى کارە مافەکانى کرێکار دەستەبەر بکەن و بەرگرییان لێبکەن بەتایبەت کرێکارى ژن و نەوجەوان

18/07/2022

وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى لەپێناو دەستەبەرى مافى کرێکاران (12) پشکنەر دادەنێت و کوێستان محەمەد دەستبەکاربونى پشکنەرى کار بە دەستکەوتێکى گرنگ ناودەبات و لەگەڵ دوپاتکردنەوەى پاڵپشتى خۆی بۆیان، داوا دەکات پشکنەرەکان بە ئەمانەتەوە ئەرکەکەیان جێبەجێ بکەن و مافى کرێکاران بپارێزن بەتایبەت کرێکارى ژن و نەوجەوان.

ئەمڕۆ دوشەممە (18/7/2022) لە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى حکومەتى هەرێم (12) پشکنەرى کار سوێندیان خوارد و دەستبەکار دەبن، لە وتەیەکدا بۆ پشکنەران، کوێستان محەمەد ئاماژەى بەوەکرد؛ یەکەمجارە دواى (30) ساڵ، بەڕیوەبەرایەتییەکانى کارى ئێمە دەبنە خاوەنى پشکنەرى کار، ئەمەش یەکێکە لە دەستکەوتەکانى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و کابینەى نۆیەمى حکومەت.

وتیشى: پشکنەران ئەرکەکەیان قورسە، بەڵام گرنگ و مرۆڤانەیە، ئێوە ئەرکى ئەوەتان دەکەوێتە ئەستۆ کە رێگربن لە چەوساندنەوەى کرێکار لەلایەن خاوەن کارەوە، ئەرکى ئێوەیە بەدواى ماف و ئەرکەکانەوە بچن و بەپێى راپۆرتەکانى ئێوە خاوەن کار سزا دەدرێ، بۆیە ئەو ئەرکە قورسە و لە ئەستۆى ئێوەیە کرێکاران مافەکانیان بەدەستبهێنن کە بەپێى یاسا مافیان دابین کراوە و بەپێى رەشنوسى پڕۆژەى یاساى کاریش کە نزیکەى سێ ساڵە کارى لەسەر دەکەین و لە ئەنجومەنى وەزیران بە زۆرینەى دەنگ پەسەند کراوە و رەوانەى پەرلەمان دەکرێ بۆ پەسەند کردن مافى زیاتر بە کرێکار دەبەخشێ، بۆیە ئەرکى ئێوەیە بەرگریییان لێ بکەن،
کرێکارى ژن و نەوجەوانتان لەبەرچاوبێ کە چۆن مافەکانیان دەستەبەر دەکەن و دەیپارێزن، پێویستە بە ئەمانەتەوە ئەرکەکەتان جێ بەجێ بکەن".

هەروەک پشتگیرى خۆی بۆ پشکنەران دوپات کردەوە و داواى لێکردن ئازا و چاونەترس بن بۆ پاراستنى مافەکانى کرێکاران و لەئاست بەرپرسیارێتى ئەو سوێندەدابن کە دەیخۆن بۆ دەستبەکاربون.


هەواڵی زیاتر