وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: توانیومانە پێنج هەزار و ٤۳۱ کۆمپانیا و ٤۱ هەزار و ۷٠۱ کرێکار دەستەبەر بکەین

19/07/2022

کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی  باس لە گرنگترین کار و چالاکییەکانی وەزارەتەکەی دەکات لە سێ ساڵی رابردودا:

 * ئێمە بۆ یەکەم جار پڕۆژە یاسای چاکسازی کۆمەڵایەتیمان ئامادەکردووە، هەروەها پڕۆژە یاسای سزای جێگرەوەمان ئامادە کردووە، کە ئەگەر پەسەند بکرێت چیتر هیچ کەسێک لەسەر دزینی شتێکى بچووکى کەم بەها کە ناچێتە خانەى تاوانەوە حوکم نادرێت

* هەردوو پڕۆژە یاسای کار و پڕۆژە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیمان ئامادە کردووە و ناردوومانەتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەنگدان لەسەریان دواتر و ئاڕاستەکردنیان بۆ پارلەمانی کوردستان.

* لە ڕووى چاکسازیشەوە، بە تەواوى لە ناو وەزارەتەکەماندا چاکسازییمان کردووە بەتایبەتی لەسەر پرسەکانى ماددەی هۆشبەر و دەستدرێژی سێکسی و چەند پرسێکی دیکە.

* سەبارەت بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەهۆی کاراکردن و چاڵاککردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، توانیومانە ٥ هەزار و ٤۳۱ کۆمپانیا و ٤۱ هەزار و ۷٠۱ کرێکار دەستەبەر بکەین.

* هەر لەو کابینەیەدا توانیومانە ٣٩٠ خوول لە سەنتەرەکانی ڕاهێنانی پیشەیی بکەینەوە و ڕاهێنان بە ٢ هەزار و ٦٤٩ گەنج بکەین لە پیشە جیاجیاکاندا.

* بۆ یەکەمجارە ئەنجوومەنی وەزیران سیستەمی خێزانی جێگرەوەی پەسەند کردووە، وەک هەر وڵاتێکی پێشکەوتووی دونیا، ئێستا ١٨ منداڵمان بردۆتەوە ناو خێزان ، خانەکانی منداڵانمان بەپێی تەمەن ڕێکخستۆتەوە کە پێشتر هەموو تەمەنەکان پێکەوە بوون کە ئەمە ببووە هۆی توندوتیژی و دەستدرێژی، ئەو منداڵانەی لە خوێندن دابڕابوون نێردراونەتەوە بەر خوێندن.

* لە سلێمانی و دهۆک خانەی سفر بۆ چوارمان کردووەتەوە و هەر لەو دوو شارەش خانەی منداڵانی پەرتەوازە و سەر شەقاممان کردۆتەوە کە پێشتر ئەم منداڵانە بە بڕیاری دادگا دەنێردرانە خانەکان و تێکەڵ بە منداڵەکانی تر دەکران، بەساڵاچووانمان لە پەککەوتەکان جیاکردۆتەوە و کردوومانەتە دوو خانە.

* هەروەها گرنگی تەواومان بە مناڵەکانی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو داوە و ڕێکمان خستوونەتەوە.

* سەبارەت بە کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی کورتەباڵاکان، یاساکەیانمان هەموار کردۆتەوە لەبەرژەوەندییان، بە جۆرێک کە پەرە بە تواناکانیان بدرێت و وەک هەر کەسێکی ئاسایی لە ناو کۆمەڵگە ئەرک و مافەکانی خۆیان پیادە بکەن و هەروەها مووچەی ١٣ هەزار کەمئەنداممان گەڕاندووەتەوە کە بە ناڕەوا مووچەکانیان بڕدرابوو، لەگەڵ ئەوانەشدا ناسنامەی مەرکەزیمان بۆ کردوون، بۆ یەکەم جارە کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵا ببنە خاوەن ناسنامەی تایبەت بە خۆیان و بەهۆیەوە ماف و سەرمافەکانیان بەدەست بهێنن.

* سەبارەت بە چاودێری خێزان لە کاتی کەرەنتینە و کەمبوونەوەی داهاتی خێزانە هەژارەکان و کرێکاران و کەمئەندامان، کابینەی نۆیەمى حکومەتی هەرێمی کوردستان سێجار هاوکاریی ئەم خێزانانەی کردووە بەم شێوەیە: یەکەمجار  ۲٠٠ هەزار پاکێج بۆ ۲٠٠ هەزار خێزان دابین کرا ، دواتر ۱٤ ملیار دینار بەسەر ١٤٠ هەزار خێزاندا دابەش کرا و هەروەها لە درێژەى ئەم پەتایە و بۆ جاری سێیەمیش ۳٥٠ هەزار پاکێج بەسەر ٣٥٠ هەزار خێزاندا دابەش کران.


هەواڵی زیاتر