کوێستان محەمەد: ئامانج و هەوڵ و کارکردنى ئێمە بۆ ئەوەیە ئەوانەى لە چاکسازییەکانن کار لەسەر کەسێتییان بکەین و وەک مرۆڤێکى ئاسایی و سودبەخش بێنەوە ناو کۆمەڵگە
02/08/2022
وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی خۆشحاڵى خۆى بە بەدەسهێنانى
بڕوانامەى زانکۆ و پەیمانگا لەلایەن ژمارەیەک خوێندکارى چاکسازییەکان دەردەبڕێت و
رایدەگەیەنێت؛ ئامانج و هەوڵ و کارکردنى ئێمە بۆ ئەوەیە هەمو ئەوانەى لە
چاکسازییەکانن کار لەسەر کەسێتییان بکەین و وەک مرۆڤێکى ئاسایی و سودبەخش بێنەوە
ناو کۆمەڵگە.
دواى ئەوەى ئەمڕۆ سێشەممە (٢٠٢٢/٨/٢) کوێستان محەمەد، وەزیری
کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە چاکسازی گەوران/هەولێر بەشداریی کرد لە رێوڕەسمی
ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانى زانکۆى نێو چاکسازیەکە، خۆشحاڵی خۆی دەربری کە ئەو
خوێندکارانە توانیویانە لەناو چاکسازی گەوران بروانامەی زانکۆ بەدەست بهێنن و لە
لێدوانێکدا بۆ سایتى (گۆڕان) رایگەیاند: لە بنەڕەتدا چاکسازییەکان لەبەر ئەوە
ناویان چاکسازییە، چونکە ئێمە دەمانەوێت چاکسازى بکەین لە کەسێتى سزادراوەکان و ئامادەیان
بکەینەوە بۆ کۆمەڵگە .
دەشڵێت: هەر بەو ئامانجەشە لە هەمو چاکسازییەکاندا
خوێندنگا بۆ هەمو ئاستەکان و کتێبخانە هەیە، وەرشەمان هەیە بۆ کارکردن و فێربونى
پیشە، واتە سزادراو ئەگەر لە ژیانى خۆیدا هەڵەیەکى کردوە و سزادراوە، ئامانجى ئێمە
چاککردنەوەى ئەو هەڵەیە و نیشاندانى رێگەى راست و دوبارە بیناکردنەوەى کەسێتى ئەو
مرۆڤەیە بۆ ئەوەى وەک هەر کەسێکى ئاسایی و سودبەخش بێتەوە ناو کۆمەڵگە.
ئەوە لەکاتێکدایە بەپێى راگەیەندراوى وەزارەتى کار و
کاروبارى کۆمەڵایەتى؛ بۆ ئەمساڵی خوێندن (١٦٥) قوتابی و خوێندکار لە چاکسازییەکاندا
هەبون کە درێژەیان بە خوێندن داوە هەر لە پۆلی یەکی بنەرەتی تا زانکۆ، لەو
ژمارەیەش (٢٤)یان قوتابی زانکۆن .