"وەک بزوتنەوەی گۆڕان ستراتیژ و ئامانجمانە هەمیشە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد لە کات و ساتی خۆیدا بەڕێوەبچێت"

10/08/2022



سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ وەک بزوتنەوەی گۆڕان ستراتیژ و ئامانجمانە و لەگەڵ ئەوەین هەمیشە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە کات و ساتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، سەرجەم ئەو پێشنیارانەشی بۆ هەمواری یاساکە خستومانەتەڕوو لە خزمەتی ئەو ئامانجەیە، هاوکاریش دەبین لەپێناو تێپەڕاندنی لەمپەرەکان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەسەر هەردو پرسی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی.

دواى ئەوەى ئەمڕۆ چوارشەممە (10/8/2022)، کۆبونەوەى لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکایەتى هەرێم بە ئامادەبونى نوێنەرى سکرتێرى نەتەوەیەکگرتوەکان لە هەولێر بەڕێوەچو، یاسین حه‌مه‌ عه‌لی، سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان بە سایتى (گۆڕان)ى راگەیاند: لە کۆبونەوەکەدا تیشک خرایە سەر بۆچونى لایەنە سیاسییەکان و کۆبونەوەکان بەردەوامیی دەبێت، چونکە لەسەر چەند پرسێکى دیاریکراو بۆچونى جیاواز هەیە، بەڵام وەکو بزوتنەوەی گۆڕان ستراتیژو ئامانجمانە و لەگەڵ ئەوەین هەمیشە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد لە کات و ساتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، سەرجەم ئەو پێشنیارانەشی بۆ هەمواری یاساکە خستومانەتەڕوو لە خزمەتی ئەوەدایە پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت، بۆیە بە پەرۆشەوە بەشداری کۆبونەوەکان دەکەین، هاوکار دەبین لەپێناو تێپەڕاندنی لەمپەرەکان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەسەر هەردوو پرسی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، وەکو ئاشکرایە ئەم دوو پرسە رەهەندی نیشتمانییان هەیەو پێویستی بە سازانی نیشتمانییە.

هەروەک ئاماژە بەوە دەکات؛ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بۆچونی وایه‌ تۆماری ده‌نگده‌رانی به‌غدا بكرێته‌ بنه‌ما بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ده‌نگدانی تایبه‌تیش تێكه‌ڵی ده‌نگدانی گشتی بكرێت، سه‌باره‌ت به‌ پشكی پێکهاتەکان، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیەکی راستەقینەیان هەبێت گرنگە تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بەخۆیان هەبێت و بنکەی دەنگدانیان بۆ جیابکرێتەوە.
یاسین حه‌مه‌ عه‌لی، سەبارەت بە پێكهاته‌ی کۆمسیۆن، وتی: له‌گه‌ڵئه‌وه‌داین پارێزگاری لەو پشك پشكێنه‌ی ئێستا بکرێت و وەکو خۆی بمێنێتەوە، بەڵام ماف بدرێت بە لایەنەکان و گۆڕانکاری لە نوێنەرەکانی خۆیاندا بکەن و کەلێنەکان پڕبکەنەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە بزوتنەوەی گۆڕان لە (31/3/2021)ەوە لەرێی فراکسیۆنەکەیه‌وه‌ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکانەوە لەکاتی خۆیدا نەخرایە بەرنامەی کارەوەو پشتگوێخرا.


هەواڵی زیاتر