پارێزگارى سلێمانى: لە (16) ترلیۆن داهاتى سلێمانى، (نۆ) ترلیۆنى تەنها بە ژمارە بوە کە ناتوانرێت بە ژمارە موچە دابەش بکرێت و پڕۆژە جێبەجێ بکرێت

04/09/2022


پارێزگارى سلێمانى رایدەگەیەنێت؛ لە (16) ترلیۆن داهاتى سلێمانى تەنها (حەوت) تلیۆنى نەختینە بوە و (نۆ) ترلیۆنى تەنها بە ژمارە بوە، وە ناتوانرێت تەنها بە ژمارە موچە دابەش بکرێت و پڕۆژە جێبەجێ بکرێت، بۆیە کێشەکان و هۆکار و چارەسەرەکانیشمان بە فەرمى پێشکەشى سەرۆک و جێگرى سەرۆکى حکومەت کردوە.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى لەبارەى دۆخى داهات و وەستانى پڕۆژەکان و دواکەوتنى موچەى هەندێک لە موچە خۆران لە سلێمانى ئاماژە بەوە دەکات؛ هیچ داهاتێک نە لەخەرجى و داهات نایەتە پارێزگا و ئیدارە خۆجێییەکان و دەشڵێت: لەمانگى (1/2020)ـەوە تا (30/4/2022) کە ئێمەکۆبونەوەمان لەگەڵ سەرۆکى حکومەت و جێگیرى سەرۆکى حکومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکان کردوە داهاتى سلێمانى بە شێوەیەکى گشتى (16) ترلیۆن دینار بوە، بەڵام لەو بڕە تەنها حەوت ترلیۆن دینارى نەختینە بوە، نۆ ترلیۆنى تەنها بە ژمارە بوە، لەکاتێکدا تۆ ناتوانى بە ژمارە موچە و پڕۆژە چارەسەر بکەیت بە تایبەت کە ئەوانەت بە ئەلیکترۆنى نەکراوە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاشکراى دەکات کە بابەتى وەستانى پڕۆژەکان و نەبونى سیولە و گرفت و ئاستەنگ و کێشەکان و تەنانەت هۆکار و چارەسەرەکانیانیشمان بە رەسمى پێشکەشى سەرۆک و جێگرى سەرۆکى حکومەت و وەزارەتەکانى دارایى و ناوخۆ کردوە و دەڵێت: نابێت ململانێ سیاسیەکان تێکەڵى بەڕێوەبردن بکرێ و مامەڵەى کانتۆنات لەگەڵ هیچ شوێنێک بکرێت، ئومێدەکەین ئەنجومەنى وەزیران کێشەکان چارەسەر بکات، چارەسەریش یەکەمجار دەگەڕیتەوە بۆ لایەنە سەرەکیەکانى پێکهێنەرى حکومەت کە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستانن، ئومێد دەکەین هەمومان لە چارەسەرى ریشەیی ئەو کێشانە بین کە پەیوەستە بە ژیانى و گوزەرانى خەڵک و بازاڕ و حکومەت مکوڕانە ئەم بابەتانە چارەسەر بکات.


هەواڵی زیاتر