دەزگاى هەڵبژاردنى گۆڕان و کۆمەڵى دادگەرى و یەکگرتوو کۆبونەوە

06/09/2022

دەزگاى هەڵبژاردنى هەرسێ لایەنى بزوتنەوەى گۆڕان و یەکگرتوى ئیسلامى و کۆمەڵى دادگەرى کۆبونەوە و کۆکن لەسەر گەیشتن بە رێگاچارەی هاوبەش و هەڵبژاردنێکى پاک و دور لە دەستوەردان و ساختەکارى بەڕێوەبچێت و دەنگدانى تایبەتیش نەمێنێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (6/9/2022) لە مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان لە سلێمانى، هەرسێ دەزگاى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێکى تایبەت بە هەڵبژاردنەکان و هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و هەوڵدان بۆ دەربازبون لەم دۆخە چەقبەستووەی هەرێم و گەیشتن بە رێگاچارەی هاوبەش کۆبونەوە.

لە کۆبونەوەکەدا دەزگاى هەڵبژاردنى هەر سێ لایەن جەختیان لەسەر پرۆژە و دیدگاکانی خۆیان کردەوە بۆ هەمواری یاساکە و ئەنجامدانی هەڵبژاردن، جەختیان کردەوە لەوەى پرۆسەی هەڵبژاردن زۆرتر پەکی نەخرێت و بگەینە لێکتێگەیشتنی هاوبەش و نەهێشتنی ناکۆیەکان، بە ئامانجی  لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەک لەداهاتودا هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دور لە ساختەکاری بەڕێوەبچێت.

یاسین حەمەعەلى، سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکە و تێڕوانینەکانیانەوە بە سایتى (گۆڕان) راگەیاند: هەرسێ لایەن جەختیان کردەوە لەو خاڵانەى لە رابردودا بابەتى گفتۆکان بون تایبەت بە پرسى هەڵبژاردن و دیدگاى هاوبەشمان هەیە بۆ هەموارى یاساى هەڵبژاردن کە هەرێمى کوردستان چوار بازنەى هەڵبژاردن بێت و پێکهاتەکان خۆیان چارەنوس و نوێنەرى خۆیان دیارى بکەن، بۆئەوەش تۆمارى دەنگدان و بنکەى تایبەت بە دەنگدانى خۆیان هەبێت.

وتیشى: بە راشکاوانە باسى دەنگدانى تایبەتمان کرد کە لە رابردودا بەمەبەست لەلایەن هێزەکانى دەسەڵاتەوە بەکارهێنراون بۆ دەستکاریکردنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن و هەرسێ لایەن کۆکبوین لەسەر ئەوەى دەنگدانى تایبەت نەمێنێت و ئەندامانى ئەو هێزانەى بنکەکان دەپارێزن لە رۆژى هەڵبژاردن سەعاتى یەکەم دەنگبدەن و ئەوانەش کە لەئەرکدا نین وەک هاوڵاتى ئاسایى و لەگەڵ خێزانەکانیان دەنگ بدەن.تۆمارى بایۆمەترى دەنگدانى عێراقیش بکرێتە بنەماى دەنگدان چونکە زیاتر نزیک لە راستیەوە.


هەواڵی زیاتر