وەزیری ئاوەدانکردنەوە: هەمو هەوڵێکمان ئەوەیە رێگاکان تەواو بکەین
11/09/2022
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایدەگەیەنێت؛ هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە پڕۆژەکانی رێگاوبان تەواوبکرێن و پارەی کاشی بۆ دابین بکرێت و تەنانەت دوای قەرزیشتمان کردوە بۆ ئەوەی پڕۆژەکان تەواو بکرێن.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دوای بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکانی رێگاوبانی ئیدارەی گەرمان، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە شاری دەربەندیخان، ئاماژەى بە گرفت و ئاستەنگ و کەمى پارەى نەختینە کرد و وتى: کیشەی سەرەکی ئەوەمان ئەوەیە موچەی فەرمانبەران دابین بکرێت، دوای موچەی فەرمانبەران ئینجا پارە بۆ پڕۆژەکانی رێگاوبان دابین دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەهاتنی پشکى هەرێم لە بەغداوە کاریگەری کردوەتەسەر پڕۆژەکانی رێگاوبان، ئەگەر هاتنی پارەکە بەردەوام بوایە، زۆربەی پڕۆژەکانی رێگاوبان لە کارکردن بەردەوام دەبون.
راشیگەیاند: رەزامەندیمان لەسەر بودجەی رێگای دوکان – چوارقوڕنە وەرگرتوە، قۆناغی یەکەمی 95% تەواو بوە، قۆناغی دوەمی %45ی تەواوبوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا کارکردن لە رێگای (دوکان- چوارقوڕنە) وەستاوە بە چەند هۆکارێك، یەکێك لە هۆکارە سەرەکییەکان نەبونی پارەی پێویستە.
سەبارەت بە قوربانییەکانی هاتوچۆ دانا عەبدولکەریم وتى: قوربانییەکانی هاتوچۆ کەسوکاری ئێمەن، راستە رێگاوبانەکان کاریگەری هەیە لە رودانی روداوی هاتوچۆ، بەڵام هەندێك جار شۆفێرەکانمان لەسەر رێگا دوسایدەکانیش دوای تەواوبونیان پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ نابن و روداوی هاتوچۆ رودەدەن.