كاردۆ محه‌مه‌د: گۆڕان له ‌حكومه‌تدایه‌، به‌ڵام به‌شێك نیه‌ له‌و قه‌یرانانەى روبه‌ڕوی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بوه‌ته‌وه‌

18/09/2022

كاردۆ محه‌مه‌د رایدەگەیەنێت؛ گۆڕان له ‌حكومه‌تدایه‌، به‌ڵام به‌شێك نیه‌ له‌و قه‌یرانانەى روبه‌ڕوی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بوه‌ته‌وه‌ بەهۆى گه‌نده‌ڵیی و بردنی سامانی گشتیییەوە، بۆیه‌ دەمانەوێت به‌ ستراتیژێكی نوێ و وتارێكی نوێ وه‌ڵامگۆی ئه‌و كێشه‌و گرفت و په‌ره‌سه‌ندنی روداوانه‌ بدەینەوە و تیمەکانمان لە حكومه‌ت و پەرلەمان په‌نجه‌ لەسەر قه‌یران و كێشه‌كان دابنێن بە ئامانجى چاره‌سه‌ركردنیان و ده‌رخستتنی راستییه‌كان بۆ رای گشتی و خه‌ڵكی كورستان.

ئەمڕۆ شەممە (١٧\٩\٢٠٢٢) لە مەکۆى سەرەکى گۆڕان لە سلێمانى، بە سەرپەرشتى مستەفا سەید قادرو ئامادەبونى رێکخەرى ژورە پەیوەندیدارەکان، کۆبونەوەى بزوتنەوەى گۆڕان و تیمى گۆڕان لە حکومەت و فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەچو.

لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەوە كاردۆ محه‌مه‌د، رێکخەرى ژورى پەرلەمان و ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند: گۆڕان له‌ قۆناغێكدایه‌ ده‌یه‌وێت به‌ ستراتیژێكی نوێ و وتارێكی نوێ وه‌ڵامگۆی ئه‌و كێشه‌و گرفت و په‌ره‌سه‌ندنی روداوانه‌ بێت كه‌ ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌ و كوردستان روده‌دات ئه‌م تیمانه‌ی گۆڕان كه‌ له‌ حكومه‌ت و پەرلەمانن ئامانجمان رێكخستنه‌وه‌یانه‌ به‌ئاراسته‌ی په‌نجه‌ دانان له‌سه‌ر قه‌یران و كێشه‌كان و هه‌ڵوێستی گۆڕان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان و چاره‌سه‌ركردنیان به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌م وڵاته‌ به‌ئاراسته‌ی به‌دامه‌زراوكردن بڕوات نه‌ك وه‌ك ئه‌و دۆخه‌ی ئیستا ده‌یبینین كه‌له‌ هه‌مو سێكته‌ره‌كان كێشه‌ و قه‌یران و گرفتی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

لەبارەى ئامادەیی تیمى گۆڕان لەحکومەت لەکاتێکدا کۆمەڵێک قەیران بەرۆکى هاوڵاتیانیان گرتوە، کاردۆ محەمەد دەڵێت: راسته‌ گۆڕان له ‌حكومه‌تدایه‌، به‌ڵام گۆڕان به‌شێك نیه‌ له‌و قه‌یرانانەى روبه‌ڕوی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بوه‌ته‌وه‌ بەتایبەت گه‌نده‌ڵیی و بردنی سامانی گشتی، بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانین ئه‌م راستیانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ خه‌ڵك و شێوازی حكومڕانییه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌خه‌ڵك بگات، سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ قۆناغێكی نوێ بۆ ده‌رخستتنی راستییه‌كان بۆ رای گشتی و خه‌ڵكی كورستان كه‌ گۆڕان هه‌میشه‌ له ‌به‌رەی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ پاراستنی متمانه‌یه‌ك كه‌ دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی و شه‌فافیه‌ت و راستگۆیی له‌گه‌ل خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستاندا.

سەبارەت بە بونى ئاستەنگ لەبەردەم تیمى گۆڕان لە حکومەت و فراکسیۆنەکانى، ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى ئاماژە بەوە دەکات کە كێشه‌ی گه‌وره‌ لەبەردەمیان كارانه‌بونی دامه‌زراوه‌كانه‌ له‌ كوردستان و "تیمه‌كانی ئێمه‌ش به‌شێكن له‌و دامه‌زراوانه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئاسته‌نگ هه‌یه‌، به‌ڵام گرنگه‌ كاتێک ئێمه‌ ئاسته‌نگمان هه‌بێت راستیه‌كان به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بڵێین، راستی ئه‌وه‌ی گۆڕان چی ده‌وێت و ئاسته‌نگه‌كان چییه‌ و چۆن چاره‌سه‌رده‌كرێن، چونكه‌ تاكه‌ پاڵپشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌رچاوه‌ی هێزی خه‌ڵكه‌ بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌م پرده‌ له‌گه‌ڵ بپارێزین ئه‌وه‌ش ته‌نها به‌ راستگۆیی ده‌بێت".


هەواڵی زیاتر