قائیمقامى دەربەندیخان: بە داهاتى دەروازەکانى پشتە و پەروێزخان دەتوانرێت رێگەى (کەلار – سلێمانى) تەواو بکرێت

22/09/2022

قائیمقامى دەربەندیخان رایدەگەیەنێت؛ بە تەنها تەرخانکردنى پارەى چەند مانگێکى دەروازەکانى پشتە و پەروێزخان کە لە سنورى گەرمیانن دەتوانرێت رێگەى (کەلار – سلێمانى) تەواو بکرێت.

سلێمان محەمەد قائیمقامى دەربەندیخان، لەبارەى گرفتى تەواونەکردنى رێگاى (کەلار - سلێمانى) و چارەسەر و دواین پێشهات و فشارەکان، ئاماژە بەوە دەکات؛ پەرۆشى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە دەبینین، بەڵام گرفتەکە نەبونى پارەى نەختینە و سیولەیە، بۆیە دەکرێت پارەیەکى تایبەتمەندى لە ئەنجومەنى وەزیران بۆ تەرخان بکرێت یاخود بەپێى ئەو داهاتەى لە گەرمیان بەتایبەت هەردو مەرزى پشتە و پەروێزخان دەستدەکەوێت چەند مانگێک تەرخان بکرێ و خەرج بکرێتەوە، دڵنیام لانى کەمى رێگەى (دەربەندیخان – کەلار) یان (دەربەندیخان – زەڕایەن) تەواو دەکرێت.

دەشڵێت: نابێت چیتر گەرمیانییەکان و خەڵکى دیکەش لەو رێگەیە ببنە قوربانى خراپى رێگاوبانەکان، بۆیە ستایشى ئەو پەرلەمانتار و چالاکوانانەى مەدەنى دەکەین کە فشارەکانیان زیادکردوە بۆ تەواوکردنى رێگاوبانەکان و چاککردنەوەى تونێلى دەربەندیخان، بۆیە پێویستە حکومەت پارە بۆ ئەو رێگاوبانانە تەرخان بکرێ.


هەواڵی زیاتر