وەزیری ئاوەدانکردنەوە: لەئایندەیەکی نزیکدا کارکردن لە رێگای دوسایدی (دوکان-چوارقوڕنە) دەستپێدەکاتەوە

16/10/2022

ئەمڕۆ یەکشەمە ٢٠٢٢/١٠/١٦ ، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پڕۆژەی قیرتاوکردنی گوندەکانی کاولان، گۆمەشین و قزوڵی لە سنوری ناحیەی ئاشتی لە قەزای کۆیە بەسەرکردەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا، رایگەیاند؛ لە ماوەی یەک دو ھەفتەی رابردودا نزیکەی ١١کم رێگا لە گوندەکانی کاولان و گۆمەشین و قزلو قیرتاوکراوەو کارکردن لە چەند گوندێکی دیکەش بەردەوامە.

لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانیشدا سەبارەت بە رێگای دوسایدی کۆیە ھەولێر، وتی؛ ئەوە رێگایەکی ستراتیژییە و ھاوکات بەشێکیشە لە دوسایدی ھەولێر سلێمانی، ئەو پڕۆژەیە لە ساڵی ٢٠١١ەوە چوەتە بواری جێبەجێکردنەوەو دەبو تا ساڵی ٢٠١٤ تەواو بکرێت، بەلام تەواو نەکراوە، لەئێستاشدا بەھۆی بارودۆخی داراییەوە حکومەت ناتوانێت بودجەی پڕۆژەکە دابین بکات کە ٣٦٠ ملیار دینارە، بەڵام وەک وەزارەت لە گفتوگۆداین لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن لەپڕۆژەکە بەشێوەی قەرزی درێژخایەن.

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن جەختیکردەوە، لەئایندەیەکی نزیکدا کارکردن لە رێگای دوسایدی دوکان-چوارقوڕنە دەستپێدەکاتەوە، ئەوەش دوای دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو گرفتانەی ھەیبوە، راپۆرتی وەزارەت چوەتە ئەنجومەنی وەزیران و ئەوانیش پەسەندیان کردوە.


هەواڵی زیاتر