”یاسای نەوت و گاز، چارەسەری کێشەی پێشمەرگە و خاک و مافە نەتەوەییەکان ئاسانتر دەکات”
19/10/2022
جێگری سەرۆکی هەرێم گرنگی یاسایی نەوت و گازی لەعێراق بە بایەخ لەقەڵەمدەدات و رایدەگەیەنێت: زامنی چارەسەری کێشەی پێشمەرگە و خاک و مافە نەتەوەییەکان ئاسانتر دەکات.
بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩/١٠/٢٠٢٢، مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە كۆبەنەوەیەكدا لەگەڵ جەیمی هامیل، جێگری کونسوڵی گشتی بەریتانیا، دواین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە گفتوگۆیان کرد، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق بیر و ڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا.
جێگری سەرۆکی هەرێم گرنگی یاسایی نەوت و گازی لەعێراق بە بایەخ لەقەڵەمدا و نەشی شاردەوە کە زامنی چارەسەری کێشەی پێشمەرگە و خاک و مافە نەتەوەییەکان ئاسانتر دەکات.
ئاماژە بەوەش كراوە: هەردولا، هاوڕابوون لەسەر بایەخی یەک ڕیزی و گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بەگیانێکی نیشتیمانی و بەرپرسیارانە لە پێناو داکۆکیکردن و پاراستنی مافە دەستورییەکان و رەنگدانەوە ئەم دیدە بە ئامانجی چارەسەری کێشە و گرفتەکانی ناوخۆی هەرێم.
لەکۆتاییدا جەیمی هامیل، دڵنیاییدا کە وڵاتەکەی و هاوپەیمانان بە بایەخەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانن و ئامانجیانە پرسی مافی مرۆڤ و پێکەوە ژیان و پرۆسەی دیموکراسی و سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لەم ناوچەیەدا بێتە ئاراوە.