وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى هەرێم: یاداشتى لێکتێگەیشتمان لەگەڵ وەزارەتى بازرگانى عێراق زۆر ئاستەنگ و کێشە چارەسەر دەکات
24/10/2022
وەزیرى
بازرگانى و پیشەسازى رایدەگەیەنێت؛ بەو یاداشتى لێکتێگەیشتنەى لەگەڵ وەزارەتى
بازرگانى عێراق واژۆمان کرد زۆر ئاستەنگ و کێشە کە هەیە چارەسەر دەکرێن تایبەت بە
پرسى کۆگاکان و گواستنەوە و دابەشکردنى ئارد و بەشە خۆراک و دەشڵێت: بەڵێنمان
وەرگرتوە دو بەشە ئارد بە زوترین کات رەوانەى هەرێمى کوردستان بکرێت و لە داهاتودا
دواکەوتنى بەشە خۆراک رونەدات.
کەمال
موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لەسەردانێکدا بۆ بەغدا لەگەڵ وەزیرى بازرگانى حکومەتی
فیدڕاڵ کۆبوەوە و دواتر دو یاداشتی لێکتێگەشتن لەنێوان هەردو وەزارەت واژۆکرا کە ناوەڕۆکی
ئەو لێکتێگەیشتنانە چەند خاڵێکى گرنگ بون، لەوانە؛ گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیەی لە
هاوڵاتیان وەردەگیرێت بۆ خۆراک وئارد بۆ بەغداد و لەبەرانبەردا بەغداد هەڵدەستێت بە
سەرپەرشتی کردنی داگرتن وبارکردن وگەیاندنی خۆراک وئارد بەهاوڵاتیان وتێچوەکەی دەکەوێتە
ئەستۆی ئەوکۆمپانیایانە.
لەوبارەیەوە
وەزیرى پیشەسازى و بازرگانى کە ئێستا لە بەغدایە و کۆبونەوەکانیان بەردەوامە، بە سایتى
(گۆڕان)ى راگەیاند: بەو یاداشتى لێکتێگەیشتنەى لەگەڵ وەزارەتى بازرگانى عێراق
واژۆمان کرد زۆر ئاستەنگ و کێشە کە هەیە چارەسەر دەکرێن بەتایبەت گواستنەوە و
دابەشکردنى ئارد و بەشە خۆراک و نۆژەن کردنەوەی کۆگاکانی خۆراک و دابینکردنی پێداویستی
کۆگاکان و "گرفتى نەگەیشتنى بەشە ئاردى چوارمان تاوتوێکرد، بەڵێنمان وەرگرت
بە زوترین کارت قەرەبوى ئەو دۆخە بکرێتەوە و دو بەشە ئارد رەوانە بکەن و لە داهاتودا
ئەو گرفتە رو نەداتەوە".
وتیشى:
هەر ئەو یاداشتەى واژۆمان کرد کۆمەڵێک دەستکەوتى بۆ فەرمانبەرانى
بەڕێوەبەرایەتییەکانى سەر بە وەزارەتمان دەبێت، بەوەى پێشتر بێبەشکرابون لەو ماف و
ئیمتیازاتانەى هاوتاکانیان لە شارەکانى دیکەى عێراق هەیانبو، بەڵام لەمەودوا هەمو
ئەو پاداشتى کار و ماندوبون و ماف و ئیمتیازاتانە دەیانگرێتەوە کە فەرمانبەرانى
دیکەى هاوشانیان لە عێراق وەریدەگرن".