تیمى گۆڕان لە حکومەت: جەخت دەکەینەوە لەوەى لەپێناو بەرژەوەندى گشتى واز لە بەرژەوەندییە حیزبییەکان بهێنرێت

30/10/2022

تیمى بزوتنەوەى گۆڕان لە حکومەت جەخت دەکاتەوە هەر بابەت و دۆخێک لەنێوان هێزە سیاسییەکان هەبێت، پێویستە یەکڕیزى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەرژەوەندى گشتى خەڵک و قەوارەى هەرێمى کوردستان نەکەوێتە مەترسیەوە.

ئەمرۆ یەکشەممە (30/10/2022) شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان لە حکومەتى هەرێم سەردانى تیمى بزوتنەوەى گۆڕانى کرد و دانا عەبدولکەریم، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە بارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەوە لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ پێشتر وەفدى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان سەردانى بزوتنەوەى گۆڕانیان کردوە بۆ رونکردنەوەى راوسەرنجەکانى خۆیان ئەمڕۆش برایان لە تیمى وزارى پارتى دیموکراتى کوردستان راو سەرنجى خۆیان لەسەر ئەو روداو و گرژیانە خستەڕو.

وتیشى: هەردولا بەرگریان لە گۆشە نیگا و تێگەیشتتنى خۆیانەوە بەرگریان لە بیر و بۆچون و تێڕوانینى خۆیان کردوە، ئەوەى بە لاى خەڵک و بزوتنەوەى گۆڕانیشەوە گرنگە ئەوەیە کە یەکڕیزى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەرژەوەندى گشتى و قەوارەى هەرێمى کوردستان نەکەوێتە مەترسیەوە، ئەگەر هەر گرفتێکیش هەبێت و قورسیش بێت.

هەروەک جەختى کردەوە کە تائێستا بەداخەوە لە روى داراییی و هێزى چەکدار و دابەشکردنى جوگرافى ئیدارەیەکى یەکگرتومان نیە، تا یەک هێزى نیشتیمانى و یەک سەرچاوەى یەکگرتوى دارایی نەبێت هەڕەشەى ئەوە هەیە قەوارەى هەرێم بکەوێتە بەردەم مەترسیەوە، "بۆیە ئێمە جەخت دەکەینەوە لەوەى لەپێناو بەرژەوەندى گشتى واز لە بەرژەوەندییە حیزبییەکان بهێنرێت، هەرچەندە بابەتى جدى و هەستیار لە ئارادیە کە پێویستیان بە چارەسەرە، بەڵام داوامان لە هەردولا ئەوەیە هێز و سەرچاوەى داراییمان بە نیشتیمانى بکەین و بەرنامەى حکومەتیش کە لە (2019) کابینەکە سوێندى لەسەر خواردوە لە پەرلەمان، ئەو کارنامەیە بکەینە بنەما زۆرێک لە گرفتەکان چارەسەر دەبێت، بەپێى ئەو رێککەوتنەش کە بۆ کابینەکە لەنێوان گۆڕان و پارتى ئەنجام دراوە، پێویستە لیژنەیەکى باڵا هەبێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتى ناوەندى بۆ چارەسەرى کیشەکانى نێوان هەدولا.


هەواڵی زیاتر