وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى رێنمایی بۆ بەگەرخستنەوەی کارگە لە کارکەوتوەکان دەردەکات

02/11/2022

وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى رێنمایی نوێ بۆ بەگەرخستنەوەی کارگە لە کارکەوتوەکان دەردەکات، ئەوەش لەپێناو هاوکاریکردنى خاوەن کارگەکان و بەگەڕخستنەوەیان.

وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى رێنمایی ژمارە (4)ى ساڵى (2022) دەردەکات کە تایبەتە بە بەگەڕخستنەوەى کارگە لەکارکەوتووەکان و لە هۆى دەرچونى رێنماییەکەدا کە واژۆى کەمال موسلیم-ى لەسەرە، ئاماژە بەوە کراوە؛ بەهۆى ئەو قەیرانانەى کە لە دواى ساڵى ( ٢٠١٤)ەوە لە هەرێمى کوردستان دروستبوون هەر لە بڕینى بودجەى هەرێم لە لایەن حکومەتى فیدڕاڵ و شەڕى تیرۆرستانى داعش و هاتنى پەتاى کوڕۆنا کاریگەرى خراپى هەبوو لەسەر کۆى سێکتەرەکان بە تایبەت کارگەکان کە بووە هۆى داخستنى هەندێکیان، لە پیناو هاوکارى کردنى خاوەن کارگەکان بۆ بەگەڕ خستنەوەى کارگەکانیان ئەم رێنمایەمان دەرکرد .

رێنماییەکە چەند ئاسانکارییەکى تێدایە بۆ بەگەڕخستنەوەى کارگەکان و ماوەى شەش مانگ مۆڵەتیش دەداتە خاوەن کارگەکان رێکاریە یاسایی و کارگێڕییەکان بگرنە بەر بۆ دوبارە بەگەڕخستنەوەى کارگەکانیان.


دەقی ڕێنمایی ژمارە (4) ساڵی (2022) تایبەت بە بەگەرخستنەوەی کارگە لە کارکەوتووکان.

پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە لە ماددەی (٦) بڕگەی (٢) لە یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠١٠)ى هەموارکراو بریارماندا بە دەرکردنی ئەم ڕێنماییە.
ماددەی (١) : بەگەڕخستنەوەی کارگە
یەکەم: مۆڵەتی دامەزراندن (تحت التأسیس)ی هەبێت و ئامێر و هێڵەکانی بەرهەمی لای دادنوس تۆمار کرابێت بەڵام خاوەن پڕۆژە نەتوانێت کارگەکەی بخاتە گەڕ و مۆڵەتی (إکمال تأسیس) تەواو بکات ئەوا دەکرێت تا (٧٥%) پشکەکانی بفڕۆشێت بە هاوبەشێک بۆ ئەوەی کارگەکەی بخاتە گەڕ یان جۆرى بەرهەمەکەى بگۆڕێت بە مەرجێک ڕێکارەکانی گۆڕینی جۆری بەرهەم ئەنجام بدات وەک ئامادەکردنی کەتەلۆک و ئۆفەری تایبەت بە بەرهەم نوێیەکە کەڵکى ئابورى و هونەرى و ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی.
دووەم: مۆڵەتی بەرهەم (إکمال تأسیس)ی هەبێت بە هەر هۆکارێک لە کار وەستا بێت ئەوا خاوەن کارگە بۆی هەبێت کە گواستنەوەی خاوەندارێتی بۆ کارگەکەی ئەنجام بدات بە مەرجێک خاوەنی نوێ کارگەکە بخاتە گەڕ یان جۆرى بەرهەمەکەى بگۆڕێت بە پێی ڕێکارەکانی گۆڕینی جۆرى بەرهەم بە پێچەوانەوە مۆڵەتەکەی هەڵدەوەشێتەوە و زەویەکەی لێ دەسەنرێتەوە.
ماددەی (٢): گواستنەوە خاوەندارێتی کارگە
یەکەم:خاوەنی نوێ پەیوەستنامەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی پیشەسازی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ئەنجام بدات و پابەند بکریت کە لە ماوەی (١) ساڵ لە بەرواری دەرچوونی فەرمانی کارگێڕی گواستنەوەی خاوەندارێتی یان ڕەزامەندی گۆڕینی جۆرى بەرهەم لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی کارگەکەی بخاتە گەڕ یان جۆرى بەرهەمەکەى بگۆڕێت پێویستە بەرهەمە نوێیەکە دەست نیشان بکات و ئۆفەر و کەتەلۆک و کەڵکى ئابورى و هونەرى تایبەت بە بەرهەمە نوێکەى ئامادە بکات.
دووەم: گرێبەستی زەوی لەگەڵ خاوەن موڵک هەبوو جگە لە کەرتی گشتی ، گواستنەوەی خاوەندارێتیان بۆ دەکرێت بە مەرجێک خاوەنی نوێ گرێبەستی زەوییەکەی لە (٣) سێ ساڵ کەمتر نەبێت ، ڕەزامەندی لایەنی پەیوەنداری هەبێت و لە باجی دەرامەت تۆمارکرابێت.
سێیەم: لە سەرجەم بارەکانی گواستنەوەی خاوەندارێتی پێویستە زەوی بخرێتە سەر ناوی خاوەن پشکەکان هاوشێوەی قەواڵەی وازهێنان (سند تنازل).
چوارەم: لە دوای دەرچوونی ئەم ڕێنماییە گواستنەوەی خاوەندارێتی بۆ یەک جار دەکرێت لە ماوەى  سێ ساڵدا لە رۆژى دەرچوونى فەرمانى گواستنەوەى خاوەنداریەتى و پێویستە لە فەرمانەکەشدا ئاماژە بەم خاڵە بدرێت.
ماددەی(٣):
یەکەم:لە دوای بڵاوکردنەوەی ئەم ڕێنماییە لە رۆژنامەى وەقایعی کوردستان تا (٦) شەش مانگ پێویستە خاوەن کارگە داواکاری پێشکەش بکات بۆ بابەتەکانی هاتوو لەم ڕێنماییە لە بەرێوەبەرایەتی گەشەپێدانی پیشەسازی پارێزگاکان یاخود ئیدارە سەربەخۆکان بە پێچەوانەوە ئەم ڕێنماییە نایگرێتەوە.
دووەم:خاوەن کارگە دەبێت لە ماوەی (٦) شەش مانگدا کارەکانی کە لەم ڕێنماییە هاتووە تەواو بکات کە ئەم ماوەیەش لە ڕێکەوتی هاتووی داواکاری خاوەن کارگە یان بریکارەکەى ئەژمار دەکرێت، بەڵام ئەگەر هاتوو نەیتوانى لەو ماوەیەدا کارەکانى تەواو بکات و دەرکەوت کە هۆکارەکەى لە دەرەوەى ویست و ئیرادەى خۆى بووە ئەوا بریکارى وەزارەت بۆ کاروبارى پیشەسازى دەسەڵاتى هەیە ماوەى (٣) سێ مانگى بۆ درێژ بکاتەوە.
ماددەى (٤):
ئەو رێنماییە کاری پێدەکرێت لە ڕۆژى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى  وەقائعى کوردستان و کار بە هیچ رێنماییەک ناکرێت کە بڕگە و ماددەکانى پێچەوانەى ئەم رێنماییەبن.

    هۆکاری دەرچوون               
بە هۆى ئەو قەیرانانەى کە لە دواى ساڵى ( ٢٠١٤)ەوە لە هەرێمى کوردستان دروست بوون هەر لە بڕینى بودجەى هەرێم لە لایەن حکومەتى فیدڕاڵ و شەڕى تێرۆرستانى داعش و هاتنى پەتاى کوڕۆنا کاریگەرى خراپى هەبوو لەسەر کۆى سێکتەرەکان بە تایبەت کارگەکان کە بووە هۆى داخستنى هەندێکیان. کە هەندێ لە هۆکارەکان ئاسانکاری کردنە لە ڕووی کارگێری و یاساییەوە لە پیناو هاوکارى کردنى خاوەن کارگەکان بۆ بەگەڕ خستنەوەى کارگەکانیان لەبەر ئەوە ئەم ڕێنمایەمان دەرکرد .


هەواڵی زیاتر