د. هەڤاڵ ئەبوبەکر: لە هەرێمى کوردستان کێشەى دو دەسەڵاتیمان هەیە
05/11/2022
پارێزگارى
سلێمانى رایدەگەیەنێت؛ لە هەرێمى کوردستان کێشەى دو ئیدارەییمان نییە، بەڵام کێشەى
دو دەسەڵاتیمان هەیە، تا ئەو کاتەش کە حیزب لە حکومەت بەهێزتر نەبێت و تاکەکەسەکان
لە ناو حیزبدا باڵادەستیان بەسەر سیستمەکەوە هەبێت و حیزب باڵادەستتر و دەوڵەمەندتربێت
و پێیوابێت حکومەت دامەزراوەیەکى ئەوە و
بەپێى ئەو پشکەى هەیەتى دەستوەردانى تێدا بکات، گرفتەکان بەردەوام دەبن.
د. هەڤاڵ
ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى، دواى کۆتایی هاتنى دیدارێک کە بۆ گەشەى ئابورى بازاڕ
رێکخرابو، لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا لەبارەى ئاستەنگەکانى بەردەم حکومەت لە
هەرێمى کوردستان و حکومەتى خۆجێییەوە لە وەڵامى رۆژنامەنوساندا وتى: لە هەرێمى
کوردستان و عێراقیش ئەوەى هەیە کێشەى فرە دەسەڵاتییە، ئێستا لە هەرێم دو
ئیدارەییمان نییە، بەڵام دو دەسەڵاتیمان هەیە، تا ئەو کاتەش کە حکومەت لە حیزب
بەهێزتر نەبێت و تاکەکەسەکان لە ناو حیزبدا باڵادەستیان بەسەر سیستمەکەوە هەبێت و تا
ئەو کاتەى حیزب باڵادەستتر و دەوڵەمەندتربێت و بەدەر لە یاسا کارەکان بکات و پێیوابێت
حکومەت دامەزراوەیەکى ئەوە و بەپێى ئەو
پشکەى هەیەتى دەستوەردانى تێدا بکات و حکومڕانییەکى بەهێزمان نەبێت، گرفتەکان
بەردەوام دەبن.
ئاماژە
بەوەش دەکات؛ لە عێراق و هەرێمى کوردستانیش، دەسەڵات هەیە و دەوڵەت نییە، تاکو
دەوڵەت نەبێت و هەمو کەسێک وەک یەک مافى هاوڵاتیبونى نەبێت و جیاکارى لەسەر بنەماى
حیزبى و نەتەوەیی و خزمایەتى بکرێت ناگەینە ئەو ئامانجەى کە پێویستە پێى بگەین،
بۆیە تا دەوڵەت نەبێت و و دامەزراوەکان بۆ هەمو کەس نەبن و مافى هاوڵاتیان زامن
نەبێت بەپێى یاسا و دەستور، گرفتەکان بەردەوامییان دەبێت.
سەبارەت
بە گرفتى دابەشنەکردنى نەوت و وەرنەگرتنى ئەو نەوتەى حکومەت لەلایەن هاوڵاتیانەوە
بەهۆى گرانیی نرخەکەى، پارێزگارى سلێمانى وتى: دابەشکردنى نەوت پێویستە بەو نرخە
پشتیوانى کراوەبێت کە عێراق دەیدات بە هاوڵاتیانى پارێزگاکانى دیکە، لەسەر بنەماى
دەستور وەک پارێزگاکانى دیکەى عێراق بدرێت بە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانیش، بۆیە
بەو نرخەى ئێستا بڕیارى لێدراوە ناڕەزایەتى هەیە و ئێمە لە گفتوگۆداین لەگەڵ
حکومەت بۆ ئەوەى بگەین بە ئەنجامێک کە زیاتر لە بەرژەوەندى هاوڵاتیان بێت و ئەو
کێشەیە چارەسەر بکرێت.