وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى: چەند فەرمانگەیەک لە هەڵەبجە دەکەینەوە
06/11/2022
وەزیرى بازرگانى
و پیشەسازى رایدەگەیەنێت؛ ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنى پارەى ساڵى (2014)ى جوتیارانى
دهۆک کراوە و لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنى پارەى جوتیارانى هەولێر و سلێمانیش
دەکرێت.
کەمال
موسلیم، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى، ئەمڕۆ یەکشەممە (6/11/2022) دواى سەردانیکردنى
سەید سادق و هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ سەردانى کارگەى ئارد
و سایلۆى سەیدسادق-مان کرد، بۆ زانینى کەموکوڕى و پێداویستیەکان و خۆ
ئامادەکردنیان بۆ دابەشکردنى پارەى ساڵى (2014)ى جوتیاران کە ئەمڕۆ دەست بەدابەشکردنى
کراوە لە شارى دهۆک و لەم هەفتەیەدا لە هەولێر و سلێمانیش دەست بە دابەشکردنى
دەکرێت.
وتیشى: "ناوەڕۆکى
سەردانەکەمان بۆ هەڵەبجە بۆ گفتوگۆکردنە لەگەڵ پارێزگار و یەکەى ئیدارى شارەکە، لەبارەى
چۆنیەتى ئامادەکارى بۆ هێنانە کایەى چەند فەرمانگەیەکى پێویستى سەر بە وەزارەتى
بازرگانى و پیشەسازى دواى دەرچونى بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران، بۆئەوەى کار بکەین بۆ
دابینکردنى پێداویستییەکانى ئەو فەرمانگانە".
ئاماژەى
بەوەشکرد کە بە مەیدانى سەردانى چەند کارگەیەکى سنورى پارێزگاى هەڵەبجەش دەکەن بۆ
لە نزیکەوە ئاگاداربون لە شێوازى کار و بەرهەمیان و هەر گرفت و ئاستەنگ و
داواکاریی و پێداویستییەک کە هەیانبێت.
لەبارەى دواکەوتنى
دابەشکردنى بەشە ئاردى مانگانەى هاوڵاتیان کە تائێستا چوار بەش دابەشکراوە، کەمال
موسلیم وتى: لە سەردانەکەى رابردومان بۆ بەغدا ئەو بابەتەمان لەگەڵ وەزارەتى
بازرگانى عێراق تاوتوێکردوە و بەڵێنى چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە دراوە و بڕیارە ئەو
بڕەى دواکەوتوە بە زویی رەوانەى هەرێم بکرێت و دابەش بکرێت".