وەزیرى دارایی: وەرگرتنى باج لە گەورە باجدەران و كۆمپانیاكان دەبێت لەسەر بنەمای شیکردنەوەی ژمێرەی کۆتایی بێت نەک خەمڵاندن
08/11/2022
وەزیرى
دارایی رایدەگەیەنێت؛ وەرگرتنى باج لە گەورە باجدەران و كۆمپانیاكان نابێت بە پێی
خەمڵاندن بێت، بەڵكو دەبێت لەسەر بنەمای شیکردنەوەی ژمێرەی کۆتایی بێت، دەشڵێت: بەردەوامن
لە چاكسازی و بەرەودان بە توانای فەرمانبەران و بنەمای پاداشت و سزامان پەیڕەوكردوە،
لەو شوێنانەی كاری باشكراوە پاداشت كراون و لەو شوێنانەش سەرپێچی هەبووە سزادراون
و تەنانەت هەندێك لە بەڕێوبەرانی بانكەكان و گومرك و دەروازەكانی سلێمانی روبەڕوی
دادگا كراونەتەوە.
بەپێى
راگەیەندراوى وەزارەتى دارایی و ئابورى، ئاوات جەناب نوری لە رێوڕەسمى خەڵاتکردنى بەسەر
دەرچووانی خولی (شیکردنەوەی ژمێرەی کۆتایی) لە بەڕێوەبەڕایەتی گشتی باجەکان و
خانووبەرەی میری، ئاماژەى بە گرنگى ئەو جۆرە خولانە کردوە بۆئەوەى ببێتە هۆکاری بەرز
بوونەوەی ئاستی پیشەیی و زانستی فەرمانبەرانی
باجەکان، "چونكە باج سێكتەرێكی گرنگە بۆ كۆكردنەوەی داهات و بەم هەنگاوانەش دەتوانین پشت بە خۆمان
ببەستین و ژێرخانێكی ئابوری گرنگ بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكەین، ئابوریەكی (ریعی)
بگۆڕین بۆ فرە سەرچاوە و پشت بەخۆ بەستوو".
وتوشیەتى:
ئەم خولە بەردەوامیە بۆ چاكسازی و بەرەودان بە توانای فەرمانبەران بۆ ئاستی پیشەیی
و زانستیان، ئێمە بنەمای پاداشت و سزامان پەیڕەوكردەوە لەو شوێنانەی كاری باشكراوە
پاداشت كراون و لەو شوێنانەش سەرپێچی هەبووە كەسانی سەرپێچیكار سزادراون و تەنانەت
هەندێك لە بەڕێوبەرانی بانكەكان و گومرك و دەروازەكان و بانكەكانی سلێمانی ڕوبەڕوی
دادگا و یاسا كراونەتەوە. "
وەزیری
دارایی و ئابوری ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئەو فەرمانبەرانەی ئاستیان بەرزە پلەیان بەرزتر
دەکرێت و ئەوانەشی ئاستیان نزمە لە ئەرکەکەیان دەبەخشرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی
کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێین.
سەبارەت بە هەنگاوەكانی بەدیجتاڵكردنی سیستمی باج كرد، ئاوات شێخ جەناب
ئەوەى خستوەتەڕو؛ "دەبێت تەنیا بە پێی یاسا باج وەربگیرێت و باجیش تەنها لەسەر
داهاتی ڕاستەقینە(قازانج) وەردەگیرێت، هەروەها باج لە گەورە باجدەران و كۆمپانیاكان
نابێت بە پێی خەمڵاندن بێت، بەڵكو دەبێت لەسەر بنەمای شیکردنەوەی ژمێرەی کۆتایی بێت".