قائیمقامى پێنجوێن: پێداگرى دەکەین لەوەى بڕى زیاتر لە سوتەمەنى و نەوت بۆ خەڵکى پێنجوێن دابین بکرێت

16/11/2022

قائیمقامى پێنجوێن، رایدەگەیەنێت؛ پشتیوانى داواکاریی هاوڵاتیانى سنورى قەزاکەمانین بە دابینکردنى بڕە سوتەمەنى و نەوتى زیاتر، بەو پێیەى پێنجوێن ساردترین ناوچەى هەرێمى کوردستانە و لەپێناو پاراستنى خەڵکى سنورەکە و دراستان و تۆڕى کارەباش.

ئەمڕۆ پێنجشەممە وەک پاڵپشتییەک بۆ داواکارى نوێنەرانى دانیشتوانى سنورەکە، زانا عەبدولڕەحمان قائیمقامى پێنجوێن لەنێو خۆپیشاندەرانەوە کە داواى دابینکردنى بڕە نەوتى زیاتر دەکەن، لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: داواکارى خەڵکى پێنجوێن بۆ دابەزاندنى نرخ و دابینکردنى بڕى زیاترى سوتەمەنى بەتایبەت نەوت داواکارییەکى رەوایە، چونکە بەپێى داتاکانى کەشناسى ساردترین ناوچەى هەرێمى کوردستانە و ماوەى وەرزى زستان و سەرماو سۆڵە زیاتریشە.

وتیشى: هەفتەى ئایندە بە نوێنەرایەتى خەڵکى سنورى پێنجوێن دەچینە پارێزگاى سلێمانى و ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى و پێداگرى دەکەین لەوەى وەک نەتوانراوە نرخ داببەزێنرێت، بەڵام پێویستە بەرمیلى دوەمى سوتەمەنى بۆ ئەم سنورە دابین بکرێت ئەوەش لەپێناو پاراستنى ژیان و تەندروستى خەڵکەکەمان و دارستانەکانمان و تۆڕەکانى کارەباش، قورس نیە بۆ حکومەت (12) هەزار بەرمیل بۆ خەڵکى ئەم سنورە دابین بکات و هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدەم ئەو داواکارییەوە بێن، ئێمەش وەک ئیدارەى قەزاکە پاڵپشتى داواکاریەکەیانین و داکۆکى لێدەکەین.

ئاماژەى بەوەشکرد کە هەر هەفتەى داهاتو دەست دەکەن بە دابەشکردنى یەکەم بەرمیلى نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا.


هەواڵی زیاتر