کوێستان محەمەد: توندوتیژى دژى ژنان لە ئاستێکى مەترسیداردایە

28/11/2022

وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى رایدەگەیەنێت؛ توندوتیژى دژى ژنان لە ئاستێکى مەترسیداردایە و پێویستمان بە پلانى کورتخایەن و درێژخایەن و هاوکارى و هەماهەنگى رێکخراوەکان هەیە بۆ چارەسەرکردنى، ئەرکى پەرلەمان و حکومەتە رۆڵمان هەبێت لە کەمکردنەوەى توندوتیژییەکان و وەک وەزارەتى کاروبارى کۆمەڵایەتى بەردەوام دەبین لەسەر کار و هەوڵەکانمان بۆ هۆشیارکردنەوە و پێشکەشکردنى خزمەت لە شێڵتەرەکان.

ئەمڕۆ دوشەممە (28/11/2022)، کوێستان محەمەد وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى لە پانێڵى کۆنفرانسى (un) بۆ بەرەنگاربونەوەى توندوتیژى دژى ژنان کە لە هەولێر بەڕێوەچو، ئاماژەى بەوەکرد کە توندوتیژى دژى ئافرەتان لە هەرێمى کوردستان لە ئاستێکى مەترسیداردایە و پێویستمان بە پلانى کورتخایەن و درێژخایەن هەیە بۆ چارەسەرکردن و کەمکردنەوەى.

وتیشى: پەرلەمان و حکومەت کۆمەڵێک هەنگاویان ناوە بۆ کەمکردنەوەى حاڵەتەکان، پەرلەمان یاساى بەرەنگاربونەوەى توندوتیژى خێزانى پەسەند کردوە لە ساڵى (2011)، حکومەت ئەنجومەنى باڵاى خانمانى دروستکردوە و بەڕیوەبەرایەتى و نوسینگەى بەرەنگاربونەوەى توندوتیژى لە زۆربەى شار و شارۆچکەکان کردوەتەوە و هێڵى گەرمى (116) کارا کراوە بۆ بەهاناوەچونى هەر کەسێک کە توندوتیژى بەرامبەر بکرێ.

ئەوەشى خستەڕو کە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى سێ شەڵتەرى بەردەوامى لە سلێمانى و دهۆک و هەولێر هەیە، شەڵتەرى 72سەعاتى هەیە لە گەرمیان لە ئیدارەى راپەڕینش شەڵتەرى 72 سەعاتى دەکەینەوە، پلانمانە کە لە ئیدارەکانى زاخۆ و سۆرانیش شێڵتەر بکەینەوە.

وتیشى: بەڵام پێویستمان بە هەنگاو و کارى زیاتر و پێکەوەیی هەیە بۆ چارەسەر و کەمکردنەوەى توندوتیژى، ئەرکى پەرلەمانە چاودێرى جێبەجێکردنى هەموارى یاساى بارى کەسێتى و بەرەنگاربونەوەى توندوتیژى خێزانى بکات کە پێموایە هێشتا رێگر هەیە لە جێبەجێکردنى ئەو یاسایانە وەک خۆیان، ئەرکى ئیمەشە زیاتر ئەو قوربانیانە بپارێزین و شیاندنەوەیان بۆ بکەین و کێشەکانیان چارەسەر بکەین و بیانبەینەوە ناو کۆمەڵگە کە دێنە شێڵتەرەکان".

هەروەک پێیوایە؛ پێویستە لە رێگەى وەزارەتەکانى رۆشنبیرى و پەروەردە و ئەوقاف و کاروبارى ئاینى و خوێندنى باڵاشەوە چین و توێژەکان هۆشیار بکرێنەوە بەرامبەر یاساکان و رێگرى لە توندوتیژى و پێشکەشکردنى توێژینەوەى زانستى بۆ چارەسەر.

کوێستان محەمەد وتیشى: وەک وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى بەردەوام دەبین و کار لەسەر هۆشیارکردنەوە دەکەین، دو شەڵتەرى نوێ دەکەینەوە و گرنگى زیاتر بەوانەش دەدەین کە هەمانە، پڕۆژەمان هەیە بۆ چارەسەرى دو کێشەى سەرەکى نێو شەڵتەرەکان، بەڵام پێویستمان بە هەماهەنگى و پاڵپشتى بەردەوامى لایەنە پەیوەندیدارەکان و رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان هەیە.


هەواڵی زیاتر