وەزیرى کاروبارى کۆمەڵایەتى: خولى راهێنانمان بۆ پێنج هەزار کەس کردوەتەوە و (35%)یان ئێستا خاوەنى کارى خۆیان
18/12/2022
وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى، رایدەگەیەنێت؛ لە ماوەى دو ساڵى رابردودا خولى راهێنانى جیاوازمان بۆ زیاتر لە پێنج هەزار کەس کردوەتەوە و لەو ژمارەیە (35%)یان ئێستا خاوەنى کارى خۆیانن.
کوێستان محەمەد وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى ئەمڕۆ یەکشەممە (18/12/2022) لە چوارچێوەى کردنەوەى خولێکى راهێنان لە شارى سلێمانى، رایگەیاند: لە ماوەى دو ساڵى رابردودا بۆ زیاتر لە پێنج هەزار کەس، خولى راهێنانى جیاوازمان کردووەتەوە لە پیشە جیاوازەکاندا و لە ئێستادا لە سەنتەرەکانى راهێنانى پیشەى خولى شۆڤاژ و سۆنەر دەکەینەوە، بۆ ئەوەى ئەو کەسانەى بەشدارى دەکەن بتوانن هەلى کار مسۆگەر بکەن".
وتیشى: لە کۆى ئەو پێنج هەزار و (66) کەسەى لە ماوەى دو ساڵى رابردو، بەشداریان لە خولى راهێنانەکانى وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى کردووە (35%)یان ئێستا خاوەنى کارى خۆیانن. .
وەزیرى کاروبارى کۆمەڵایەتى ئاشکراى دەکات؛ لیژنەیەکى باڵا بەسەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران پێکهاتووە کە نوێنەرى سەرۆکایەتى هەرێم و ئەنجومەنى دادوەرى و وەزارەتى کار و نوێنەرى لیژنەى کۆمەڵایەتى پەرلەمانى تێدان بۆ ئامادەکردنى پڕۆژە یاسایەک بۆ دەرکردنى لێبوردنێکى گشتى بۆ زیندانیان.