دانا عەبدولکەریم: بە هیچ شێوەیەک جیاوازى لەنێوان هیچ یەکێک لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان ناکەین

19/12/2022

وەزیرى ئاوەدانکردنەوە جەخت دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک جیاوازى لەنێوان هیچ یەکێک لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان ناکەن و ئاشکراى دەکات؛ گرفتى سەرەکى ئەوەیە تائێستا دو سێکتەرى سەرەکى یەکیان نەگرتوەتەوە و بە نیشتیمانى نەکراون کە ئەوانیش دارایی و هێزى چەکدارن و دەڵێت: تا ئەوانە بە نیشتیمانى نەکرێن ئەم گرفتانە بەردەوام دەبن، چونکە لە روى هێزى چەکدار و داراییەوە تائێستا دو هەرێمین نەک یەک هەرێم.

دانا عەبدولکەریم، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەبارەى کاروبارەکانیان و ناکۆکییەکانى یەکێتى و پارتى و رەنگدانەوەى لەسەر کاروبارەکان، ئاشکراى دەکات؛ وەک وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکرد کە پلانیان داڕشتوە جیاوازییان لە نێوان هیچ کام لە ناوچەکانى کوردستان نەکردوە، ئەگەر پێشتر جیاوازى کرابێت ئەوا لەم وەزارەتە و ئەم کابینەیە نەمان کردوە، "بەڵام گرفتى سەرەکى ئەوەیە کە لە (٢٠٠٥)ەوە دو سێکتەرى سەرەکى یەکیان نەگرتوەتەوە و بە نیشتیمانى نەکراون کە ئەوانیش دارایی و هێزى چەکدارن، تا ئەوان بە نیشتیمانى نەکرێن ئەم گرفتانە بەردەوام دەبن، چونکە لە روى هێزى چەکدار و دارایی تائێستا دو هەرێمین نەک یەک هەرێم.

دانا عەبدولکەریم، ئاماژە بەوە دەکات؛ ناکۆکییەکانى یەکێتى و پارتى هۆکارى سەرەکى ئەم دۆخەى ئێستایە و قەوارەى هەرێمى کوردستان دەخاتەن بەردەم مەترسییەوە و دەشڵێت: دەکرێت ململانێ لەنێوان لایەنە سیاسییەکان هەبێت بۆئەوەى خزمەتى زیاترى میللەتەکەمان بکەین، بەڵام ناکرێت ناکۆکى و دژایەتى یەکترى بکەین، بەڵام ئەم ململانێیەى دروست بوە لەنێوان پارتى و یەکێتى، تەنها بەرەو ئاڕاستەى دو بەشکردنى ئیدارەى هەرێمەوە نییە بەڵکو بەرەو ئەوە دەڕوات کە قەوارەى هەرێمیش بخاتە ژێر مەترسییەوە.

وەزیرى ئاوەدانکردنەوە، لەبارەى ئەو هەڵمەت و هێرشانەى دەکرێتە سەر کارەکانی، دەڵێت: ئەو لایەنانە لەجێى ئەوەى پشتیوانى کارە باشەکان و خزمەتى هاوڵاتییان بکەن گومانى لەسەر دروست دەکەن، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە هیچ یەک لەو هەنگاوانە ئەوان لە کار و خزمەتەکانیان بۆ هاوڵاتییان سارد ناکاتەوە.


هەواڵی زیاتر