کوێستان محەمەد: هەزاران کەس موچەی کەمئەندامی وەردەگرن، بەڵام کەمئەندام نین و مافى کەمئەندامى راستەقینەیان خواردوە

28/12/2022

وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵاتی حکومەتی هەێمی کوردستان، ئاشکرای کرد 14 هەزار کەم ئەندامی نوێ تۆمار دەکرێت و دەشڵێت جاریکی دیکە پێداچونەوە بە موچەی کەم ئەنداماندا دەکرێت.

کوێستان محمەد، وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى، لە بەرنامەی رۆژەڤی کەناڵی (کەی ئێن ئێن) باسی لە دۆخی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان کرد و رایگەیاند، موچەی خاوەن پێداویستی تایبەت زۆر کەمە، پێشتر کە پارە زۆر بوە غەدرێکی گەورەیان لە کەمئەندامان کردوە، ئەگەر یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکرایە دۆخی کەمئەندام وەک ئێستا نەدەبو.  

ئەو دەشڵێت: ئێمە هاتوینەتە سەر قەیرانی دارایی، جگە لەوەش بە هەزاران کەس هەیە موچەی کەمئەندامی وەردەگرن، بەڵام کەمئەندام نین.

کوێستان محەمەد دەگێڕێتەوە، هەفتە رابردو کەسێک سەردانی کردوە کە ئەم مانگە موچەکەیان بڕیوە و سکاڵای کردوە، وەزیرەکە پرسیاری لێکردوە کەمئەندامیەکەت چیە؟ لە وەڵامدا ئەو کەسە وتویەتی چاوم کزە، وەزیر دەگێڕێتەوە کاتێک چاویلکەکەی لێوەرگرتوە بۆی دەرکەوتوە چاوی لە چاوی وەزیر باشتر دەبینێت.

وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵاتی ئاشکرایکرد کە پەرلەمانتاری خانەنشین هەیە کەمئەندامی وەردەگرێت و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا هەیە بە هەمانشێوە کەمئەندامی وەردەگرێت، هەریەکەیان جگە لە موچەکەی خۆیان 100 هەزار دیناری کەم ئەندامی وەردەگرن.

باسی لەوەشکرد، یاساکە رێیداوە ئەو کەسانە موچەی کەم ئەندامی وەربگرن، لە هەمواری نوێی یاساکەدا ئەوە رێی لێگیراوە، بەڵام ئەوانە خۆیان دەبێت وەرینەگرن، هەست بە حەرامی ئەو پارەیە بکەن.

ئاماژەی بەوەکرد، لەو کاتەدا کە پارە زۆر بوە نەیانزانیوە چۆن خەرجی بکەن، کۆمەڵێکیان هەر بە لێشاو ناردوە حزبەکان وتویانە با موچەیەکیان هەبێت، بەشێکی دیکەیان حزب موداخەلەی کردوە، بەشێکی دیکەی تریش کەوتونەتە ژێر دۆخی سۆزداری ئەو کەسانەوە کە جونەتە لیژنەکان، هەندێکی دیکەش فێڵیان لە لیژنەکە کردوە.

 ئەو وەزیرە ڕونیکردەوە لە کۆی 900 کەس کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکەوە گومانیان لێکراوە پشکنینیان بۆکراوەتەوە و دەرکەوتوە 70 کەس هەڵوەشێندراوەتەوە.

وەزیرەکە رایگەیاند: پێشنیارمان بۆ ئەنجومەنی وەزیران کرد سەنتەری دەستنیشانکردنی پەککەوتەیی بکەینەوە و خۆمان سەرپەرشتی بکەین، بینایەکیان بۆ دەستنیشانکردوین کە لای وەزارەتی ناوخۆیە و تا ئێستا بۆیان چۆڵ نەکردوین، هەرکات بیناکەیان رادەستکردین پێداچونەوە دەکرێت بە کەمئەندامی هەمو ئەو کەسانەی گومانیان لێدەکرێت.

ئەو دەشڵێت: 14 هەزار کەمئەنداممان تۆمار کردوە و لیژنەی پزیشکیمان بۆ پێکهێناون و هیچ کەسێک ئەمجارە تێناپەڕێت، ئەوەی کەمئەندام بێت دوای بڕیاری لیژنە پزیشکیەکان بە ئۆنلاین راستەوخۆ دەگاتە وەزارەت، نامانەوێت زۆر بە پەلە کارەکە بکەین دەمانەوێت هیچ گەندەڵیەکی تیادا نەبێت و دواتر دەیبەینە ئەنجومەنی وەزیران.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەم بابەتە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی پێکهێناوە کە دەخرێنە شوێنی ئەو کەسانەی سڕاونەتەوە یان نەماون یان ناشایستە بون ئەمانە دەخەینە شوێنی ئەو کەسانەی پێشو.

ئەو وەزیرە ئاماژەی بەوەکرد لە عێراق 100 هەزار کەم ئەندام هەیە ئەگەر لە هەرێمی کوردستان ئەو 14 هەزار کەم ئەندامە زیاد بکرێت ژمارەی کەم ئەندامانی هەرێمی کوردستان هاوتا دەبێت لەگەڵ ژمارەی کەمئەندامانی عێراق، ئەو تێبینیشی لەسەر ئەوە هەیە کە بە سێ پارێزگا بەقەد 15 پارێزگا کەم ئەندامی هەبێت هەر بۆیە بە پێویستی دەزانێت رێکبخرێتەوە.

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە ئامادەکاریەکانی دەرکردنی یاسای لێبوردنی گشتی کرد و دەڵێت لیژنەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران پێکهاتوە و پڕۆژەکەیان ئامادەکردوە.

وتیشی: بریاریانداوە ئەو پڕۆژەیە بڕگەو مادەکانی پرۆژەکە نەخاتە ناو میدیاکانەوە لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک رێکاری زۆر دەبڕێت، هەر لەو ڕوانگەیەوە بۆ رێزگرتن لە بڕیاری لیژنەکە نەمپرسیوە ماددەکانی چین، دواتر پڕۆژەکە دەچێتە ئەنجومەنی شورا و لەوێ وردبینی و دیراسەی دەکات و تێبینیەکانی دەنێرێتە ئەنجومەن و رای لایەنە پەیوەندیدارەکان وەردەگرێت و چەندین رێکاری دیکەشی هەیە ئەمانە بە بڕوای من پێنج مانگی پێدەچێت.

ئەو وتیشی: ئەگەر پەرلەمانیش پڕۆژەی هەبێت بێگومان ئەو کاتە لەگەڵ پڕۆژەکەی حکومەتدا لە لیژنەی یاسایی دەکرێتە یەک پڕۆژە و بەڵام دیاری نەکراوە پڕۆژەکە چەند کەس دەگرێتەوە، ئەوەش پەیوەندی بە کۆمەڵێک رێکاری وردترەوە هەیە، هەتا ئەو کاتەی پەرلەمان پەسەندی نەکات ناتوانریت ئەوە بزانرێت.

وەزیری کار راشیگەیاند: تەنها لەبەر قەرەباڵغی چاکسازیەکانی گەوران پێویستە لێبوردنی گشتی دەربکرێت، چونکە چاکسازیەکانی گەوران بۆ 900 کەس دروستکراوە، بەڵام ئێستا دو بۆ سێ بەرامبەر خەڵکی تیادایە، ئەوەش رێگربوە لەوەی وەک پێویست کارەکانی چاکسازی ئەنجام بدرێت.

کوێستان محەمەد ڕونیکردەوە، پێشتر کەیس هەبوە کە کەسێک جوتێک کۆتری بردوە لە ژێر پردەکەی سلێمانی سزادراوە لە لێبوردنی 2017 بە لێبوردنی گشتی ئازادکراوە، خەڵک هەبوە لەسەر دزینی قتویەک ساردی سزادراوە، هەربۆیە دەبێت یاسای سزای جێگرەوە دەربکرێت بۆ ئەو تاوانە بچوکانە.


هەواڵی زیاتر