قائیمقامى پێنجوێن: پشتگیرى داواکارى رەواى خۆپیشاندەران دەکەین

11/01/2023

قائیمقامى پێنجوێن پشتگیرى داواکارى هاوڵاتیانى سنورەکەى دەکات و رایدەگەیەنێت؛ کێشەى سەرەکى لە پێنجوێندا سەروى خۆمانە، چونکە بەڵێنەکانیان تەنها ژمارە و قسەیە و لەکاتێکدا پێویستە تایبەتمەندى دۆخى پێنجوێن لەبەرچاو بگیرێت.

زانا رەحمان، قائیمقامى پێنجوێن ئەمڕۆ چوارشەممە (11/1/2023)، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى و وتەیەکدا بۆ دانیشتوانى قەزاى پێنجوێن کە لە دژى کەمى کارەباى نیشتمانى و نەبونى سوتەمەنى گردبونەوە، لەگەڵ پشتگیرى و پشتیوانى لە داواکارییەکانى خۆپیشاندەران، داواشى کرد حکومەت لە ئاست کێشە و پێداویستییەکانى قەزاى پێنجوێن هەڵوێستى هەبێت.

وتیشى،" ئێمە وەک ئیدارەى شارەکە و حکومەتى خۆجێى شەرم دەکەین کە دەبینین بۆ هەر داواکارییەک خەڵک بێتە سەرجادە، لەماوەى رابردودا چوینەتە هەولێر و لە هەمو دەرگاکانمان داوە و داواى پێداویستى و خزمەتگوزاریمان کردووە بۆ پێنجوێن، بەڵام تائەمڕۆ حکومەت وەڵامى نەداوینەتەوە".

ئاماژەى بەوەشکرد، لەئێستادا ئەگەر یەک محاویلەى کارەبا لە پێنجوێن بسوتێت، محاویلەى جێگرەوەیان نیە، لە کاتێکدا لە چەندین مانگە داوایان کردووە محاویلە بۆ پێنجوێن دابین بکرێت.

وتیشى،" ئاستى خزمەتگوزارى لە پێنجوێن سفرە، لە ئاستى حکومەت هەموان بەڵێنیانداوە، بەڵام بەڵێنەکانیان تەنها قسە و ژمارە بووە و هیچیان لێ جێبەجێ نەکردووە، لەکاتێکدا پێنجوێن ساردە و پێویستى بە سوتەمەنى و کارەباى زیاتر هەیە، ئەو بەرپرسانەى ماڵەکانیان گەرمە و کێشەیان نیە لەو دۆخە تێناگەن.

هەروەک جەخت دەکاتەوە لەوەى داوایان کردوە بەشێک لە داهاتى مەرزى باشماخ بۆ خزمەتى خەڵکى ناوچەکە و پڕۆژەى خزمەتگوزارى تەرخانبکرێت و بەکاربێت.


هەواڵی زیاتر