بەرزان شێخ محەمەد: لەبارەى داواکارى خەڵکى پێنجوێن و بڕیارى قائیمقامى قەزاکەوە داواى کۆبونەوەى نائاسایی ئەنجومەنم کردوە

14/01/2023

جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى داواى ئەنجامدانى کۆبونەوەیەکى نائاسایی ئەنجومەنى پارێزگا دەکات پەیوەست بە داواکارییەکانى دانیشتوانى قەزاى پێنجوێن و بڕیارى دەستلەکارکێشانەوەى قائیمقامى قەزاکە بەهۆى بەدەمەوەنەچونى داواکارى خۆپیشاندەران لەلایەن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە.

بەرزان شێخ محەمەد، جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لەبارەى داواکاریەکەیەوە رایگەیاند: داوام کردوە کۆبونەوەى نائاسایی ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى ئەنجام بدرێت بە ئامادەبونى قائیمقام و نوێنەرانى خەڵکى ناڕازى سنورى قەزاکە، بۆئەوەى کێشەکان و داواکاریەکانیان بە فەرمى و بە نوسراوى رەسمى بگەیەنینە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان.

دەشڵێت: کۆبونەوە و گفتوگۆکردن لەبارەى داواکارى خۆپیشاندەران و هاوڵاتیان ئەرکى سەر شانى خۆمانە، چونکە نوێنەرایەتى هاوڵاتیان دەکەین لە سیستمى حکومڕانى و پێنجوێنیش شارێکى بێ خزمەتگوزارییە لەکاتێکدا سەرچاوەیەکى باشى داهاتە بۆ حکومەت بەهۆى ئەوەى خاڵێکى سنورى گرنگى لێیە و خەڵکەکەشى بەهۆى هەڵکەوتەى جوگرافى و کەمى ئاستى خزمەتگوزاریییەوە شایستەى خزمەت و دابینکردنى سوتەمەنى زیاترن.

لەبارەى بڕیارەى دەستلەکارکێشانەوەى قائیمقامى پێنجوێنیشەوە، بەرزان بەرزان شێخ محەمەد دەڵێت: بڕیارى دەستلەکارکێشانەوەى قائیمقامى پێنجوێن دەرەنجامى بەدەمەوە نەچونە بۆ داواکارییەکانى خەڵکى قەزاکە کە چەند رۆژێکە خۆپیشاندان دەکەن، ئێستاش کە خەلکى شارەکە رەتى دەکەنەوە و داوا دەکەن بەردەوام بێت، هەڵوێستێکى جوان و نیشاندانى ئەوەیە کە بەرپرسێکى خزمەتگوزار بوە، بەڵام لەروى یاسایی و کارگێڕیەوە تائێستا قائیمقامی پێنجوێن لاى ئێمە دەستلەکارکێشاوە نیە، چونکە ئیعفا کردنى پێویستە لە ئەنجومەنى پارێزگا رەزامەندى لەسەر بدرێت و پێویستە خۆى بە فەرمى هۆکارەکەیمان بۆ رونبکاتەوە.


هەواڵی زیاتر