بزوتنەوەی گۆڕان: حکومەتی هاوڵاتیمان دەوێت نەک حیزب
19/01/2023
بزوتنەوەی گۆڕان و کۆنسوڵی ئەمەریکا کێشەکانی هەرێم
تاوتوێ دەکەن، رێکخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی گۆڕانیش دەڵێت: زۆربەی
بۆچونەکانمان هاوبەشن، ئێمە داواى حکومەتى هاوڵاتى دەکەین و ئەوانیش حکومەت و
هاوبەشێکى یەهێزیان دەوێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (١٩/١/٢٠٢٣)، ئێرڤن هیکس کۆنسوڵی ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان
و شاندێکى یاوەرى، سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد لە شاری سلێمانی
کرد و لەلایەن عومەر سەید عەلی و رێکخەر و ئەندامانی ژوری پەیوەندییە
دیپلۆماسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پێشوازیان لێکرا.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەوە هۆشیار عومەر عەلی،
رێکخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ وەفدی کونسوڵخانەی
ئەمەریکا جەختیان لەسەر پرسی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەوانی و پڕۆسەی
دیموکراسی بە گشتی کردەوە و " ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگ بو، باسیان لەوەکرد
کە حکومەتێکی یەکگرتو و هاوبەشێکی بەهێزیان دەوێت و دەیانەوێت هەرێمی
کوردستان بەهێز بێت، بۆ ئەوەش پێویستە هێزی پێشمەرگە یەک هێز بێت و دەستوەردانی
سیاسیی نەکات".
رێکخەرى ژورى پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانى گۆڕان
نایشارێتەوە کە لایەنی ئەمەریکی نیگەرانی خۆیان نیشانداوە لەو دۆخەی ئێستای هەرێم
و "خەریکە پشو درێژییان کۆتایی دێت و پێویستە یەک حکومەتی بەهێز هەبێت و
دابەشکاریی نەمێنێ".
لەبارەى بۆچونى بزوتنەوەى گۆڕانیشەوە، هۆشیار عومەر
دەڵێت: روانینی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ وەفدی ئەمەریکی زۆر هاوبەشە و بەرنامەی
بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای دروستبونییەوە جەختکردنەوە بوە لەسەر یەک حکومەتی
یەکگرتوی بەهێز، کە حکومەتی هاوڵاتی بێت نەک حیزبی و هەروەها حیزب لە دەستوەردانی
بازاڕ دوربکەوێتەوە و ئەو قۆرخکارییەی کە هەیە نەمێنێت و هێزی چەکداریی حیزبی
نەمێنێ کە پێشێلی ئازادییەکان دەکا و شەفافیەت هەبێت لە کۆی پڕۆسەی دارایی و
سەروەرت و سامانی هەرێمی کوردستان بە دادپەروەریی دابەش بکرێت کە لە خزمەتی
هاوڵاتیان بێت نەک بەمشێویەی ئێستا".