وەزیرى دارایی رەزامەندى دا لەسەر داواکارییەکانى نوێنەرى خۆپیشاندەرانى پێنجوێن

26/01/2023

وەزیرى دارایی رەزامەندى دا لەسەر داواکارییەکانى نوێنەرى خۆپیشاندەرانى پێنجوێن، لەگەل ئەوەشدا رایدەگەیەنێت؛ لە سنورى پارێزگاى سلێمانى کێشەى کەمیی داهات هەیە و ئەوەش رەنگى داوەتەوە لەسەر خزمەتگوزارییەکان.

ئاوات جەناب نورى، وەزیرى دارایی و ئابورى حکومەتى هەرێم دواى کۆبونەوەى لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانى خۆپیشاندەر و خەڵکى پێنجوێن رایگەیاند: داواکارییەکانیان رەوان، لە هەمو هەرێمى کوردستان کۆمەڵێک کەموکورتى هەیە کە هەندێکى چارەسەرى لە دەرەوەى تواناى حکومەتى هەرێمە بەهۆى ئەو گەمارۆیەى لە (2013)ەوە خراوەتە سەر هەرێم، لەگەڵ کێشەى کەمى داهات لەم سنورە و پەیوەندى نێوان هەرێم و بەغدا، لە سنورى پارێزگاى سلێمانى کەمیى هەیە لە داهات و ئەوەش رەنگى داواتەوە لە ئاستى خزمەتگوزارییەکان و پێنجوێنیش بەشێکە لەو شوێنانەى گرفتى بۆ دروست بوە.

وتیشى: ئەوەى لە تواناى حکومەتە بەڵینمان داوە بۆ جێبەجێکردنى، وەزارەتى کارەبا و پارێزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەماوەى رابردودا وەڵامیان هەبوە  بۆ داواکارییەکان، ئێمەش وەک وەزارەتى دارایی و ئابورى لەسەر توانا و هەوڵەکانى پێشومان بەردەوام دەبین، ئەوەى لە تواناى وەزارەتى ئێمە بێت ئەنجامى دەدەین و بەڵێنى ئەوەشمان داوە.

سەبارەت بە بڕیارەکەى دادگاى فیدڕاڵى پەیوەست بە راگرتنى هەوڵەکانى ناردنى ئەو بڕەپارەیەى بڕیاربو حکومەتى فیدراڵ رەوانەى هەرێمى بکات، وەزیرى دارایی و ئابورى دەڵێت: ئەوە لەو جۆرە حاڵەتانەیە بەشێوەیەکى کتوپڕ لە عێراق رودەدەن، ئومێدەوارم بە هەوڵى هەمو لایەک ئەو ئاستەنگەى لەبەردەم ناردنى بەشە بودجەى هەرێم دروست بوە چارەسەر بکرێت، حکومەتى هەرێم پابەندى رێککەوتن و گفتوگۆکانە لەگەڵ بەغدا.


هەواڵی زیاتر