وەزیرى ئاوەدانکردنەوە فەرمانی کردنەوەی ژمارەیەک بەڕێوەبەرایەتی نوێ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەردەکات
31/01/2023
وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن فەرمانی
وەزاری بۆ کردنەوەی ژمارەیەک بەڕێوەبەرایەتی لە ئیدارە سەربەخۆکان دەردەکات و نوسراویش
ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ کردنەوەی دو بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە پارێزگای
هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.
بەپێی فەرمانی وەزاری ژمارە (٤٨/٦٤٩) لە
رۆژی (٣٠/١/٢٠٢٣) بە ئیمزای دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن
فەرمانی کردوە بە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە سنوری
ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، "ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندی
گشتی و خزمەتکردن و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و سەرپەرشتی کردن و بەدواداچونی
یەکەکانی نیشتەجێبون و پڕۆژەکانی بیناسازی لە سنورەکە" لە فەرمانێکی دیکەشدا
بەژمارە (٤٨/٦٤٨)، بڕیاردرا بە گۆڕینی فەرمانگەی لقی تاقیگەی بیناسازی راپەڕین بۆ
بەڕێوەبەرایەتی تاقیگەی بیناسازی راپەڕین و لکاندنی بە دیوانی وەزارەتەوە لەڕوی تەکنیکی
و کارگێڕییەوە.
لەلایەکی دیکەوە بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و
خێرا جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و چاککردنەوەی رێگاوبان لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ،
بە فەرمانی ژمارە (٤٨/٦٥٢) بڕیاردرا بە لکاندنی بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و
پاراستنی رێگاوبانی زاخۆ لەڕوی کارگێڕی و دارایی و هونەرییەوە بە دیوانی وەزارەتەوە،
هاوکات بە فەرمانى وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، بڕیاردرا بە کردنەوەو هێنانە
کایەی هەردو بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی سۆران و ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی سۆران،
ئەوەش لەبەر فراوانی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لەپێناو زیاتر گرنگیدان بە
بوارەکانی رێگاوبان و پڕۆژەکانی دروستکردنی رێگاوبان و یەکەکانی نیشتەجێبون و بیناسازی
لە سنورەکەو خزمەتکردنی زیاتر بە هاوڵاتیان.
هەروەک بە فەرمانى وەزیرى
ئاوەدانکردنەوە؛ بەڕێوەبەری نوێى تاقیگەی بیناسازی هەڵەبجە دانرا و نوسراویش ئاراستەی
ئەنجومەنی وەزیران کراوە و تێیدا پێشنیاری کردنەوەی هەردو بەڕێوەبەرایەتی گشتی رێگاوبان
و ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەکات
لەگەڵ دابینکردنی پێداویستییەکانیان و کردنەوەی ژمارەی حساب و یەکەی ژمێریاری بۆیان،
ئەوەش لەپێناو باشتر سەرپەرشتی کردن و بەدواداچونی پڕۆژەکانی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەو
نیشتەجێکردن و خزمەتکردن بەهاوڵاتیان.
هەر لە چوارچێوە ئەو هەوڵانەدا؛ بڕیاریش
درا بەکردنەوەی هۆبەیەکی تایبەتی رێگاوبان لەگەڵ دابینکردنی ئامێری پێویست بۆ دەربەندیخان
و تونێلی دەربەندیخان.