وەزیرى بازرگانى بۆ جوتیاران: بەڵێنمان وەرگرتوە لە ئایندەیەکى نزیکدا پارەى جوتیاران دەگاتە هەرێم

05/02/2023

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی رایدەگەیەنێت؛ بەڵێنی تەواومان لە حکومەتى فیدراڵ وەرگرتوە بۆ خەرجكردنی پارەی گەنمی ساڵانی پێشوى جوتیارانى هەرێم و لە ئایندەیەكی نزیكدا و پاش تەواوبونی رێكارە ئیدارییەكان، دەگاتە هەرێم.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئەمڕۆ یەکشەممە (2023/2/5) لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک له جوتیارانی ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان کە بۆ گەیاندنی كێشە و داواكارییەكانیان لە بارەی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان لە بازاڕدا سەردانیان کردبو، شیوازى چۆنیەتى هاوكاریكردنی جووتیاران و خاوەن كارگە و پڕۆژەکانى رونکردەوە بۆئەوەى بتوانن بە ئاسانی و بەبێ زیان بەرهەمەكانیان لە بازاڕەكانی هەرێمدا ساغبكەنەوە و بەڵێنی هەمو هاوكارییەكی پێدان و  رایگەیاند: هەر هەوڵێك پێویستبێت بۆ چارەسەركردنی گرفتی جووتیاران و خاوەن بەرهەمە خۆماڵییەکان، كاری بۆ دەكەین و بەردەوامین لە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكانی دیکەى هەرێم و وەزارەتە پەیوەندارەكانی حکومەتى فیدراڵیش.

لەبارەی پارەی ساڵانى رابردوى گەنمی جووتیارانەوە،  وەزیری بازرگانی جەختى لە هەوڵ و بەردەوامیی پەیوەندییەکانى کردەوە لەگەڵ بەغدا بۆ ئەو مەبەستە و وتى: "بەڵێنی تەواومان وەرگرتوە بۆ خەرجكردنی پارەی گەنمی ساڵانی پێشو، لە ئایندەیەكی نزیكدا و پاش تەواوبونی رێكارە ئیدارییەكان، دەگاتە هەرێم".


هەواڵی زیاتر