وەزیری دارایی: هەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە تەواوی سیستەمی بانکی بە دیجیتاڵی بکەین و مووچە بە ئەلکترۆنی دابەش بکەین
06/02/2023
وەزیری دارایی رایدەگەیەنێت: هەوڵ وكاركردنمان بۆ ئەوەیە بتوانین بەزوترین کات تەواوی سیستەمی بانکی لەهەرێمی کوردستان بە دیجیتاڵی بکەین و لەداهاتودا مووچە بە شێوەی ئەلکترۆنی دابەش بکەین.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢٣/٢/٥ ، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی لە شاری هەولێر بەسەر کردەوە و لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری ژمارەیەک لە بانکەکان، گوێبیستی کێشەو داواکاریەکانیان بوو و بەڵێنیدا هاوکارو پشتیوانیان بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، ڕاشیگەیاند: "لە چوارچێوەی سیاسەتی چاکسازی حکومەتی هەرێم بۆ بە دامەزراوەیکردنی ژێرخانی فەرمانگەکانی حکومەت وەک وەزارەتی دارایی هەنگاوی باشمان ناوەو لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە توانیومانە بەشێک لە کاروباری فەرمانگەکانی وەزارەت بە ئەلکترۆنی بکەین و پرۆسەکەش بەردەوامە.
هاوكات وەزیری دارایی ڕایگەیاند لەم کابینەیەدا هەنگاوی باش بۆ بەدامەزراوەیکردنی ژێرخانی ئیداری فەرمانگەکانی حکومەت نراوە کە بەشێکی ئەنجامەکەی لە ساڵانی داهاتوو دەر دەکەوێت، ئەوەش سەرەڕای ئەو فشارە ئابوری و تەندروستیانەی لە سەرەتاوە ڕوبەڕوی حکومەتی هەرێم بۆوە، هیواش دەخوازێت بەزوترین کات بتوانن تەواوی سیستەمی بانکی لەهەرێمی کوردستان بە دیجیتاڵی بکەن و ئاماژەی بەوەش کرد هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی لەداهاتودا مووچە بە شێوەی ئەلکترۆنی دابەش بکەن، ”بۆ ئەو مەبەستەش هاوشێوەی هەولێر بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەدیجیتاڵ کردنی سیستەمی بانکەکان و دابەشکردنی مووچەن بە شێوەی ئەلکترۆنی، وەک هەنگاوی یەکەمیش لە موچەی خانەنشینانەوە دەست پێ دەکەن و دواتر فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی تریش دەگرێتەوە”.