کوێستان محەمەد: بانگەوازەکەى گۆڕان لە پەرۆشییە بۆ دەنگدەران و هەڵسوڕاوەکانی
09/02/2023
کوێستان محەمەد رایدەگەیەنێت؛ بزوتنەوەى گۆڕان هەمیشە لەگەڵ خەڵکدا بوە و پشتیوانیان
بوە و هەر واش دەمێنێتەوە، بانگەوازەکەشی لە پەرۆشییە بۆ دەنگدەران و هەڵسوڕاوەکانی،
دەشڵێت: لەسەر بەرنامەکانی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بەردەوامین و بەهیچ شێوەیەک
سازشی لەسەر ناکەین، هەر پرسێکیش بزوتنەوەی گۆڕان بە فەرمی بڕیاری لەبارەوە بدات،
سەرجەم تیمی حکومەت و پەرلەمان پابەند دەبین پێوەی.
کوێستان
محەمەد، لەبارەى بانگەوازی ئاشتەوایی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان کە رۆژى رابردو بڵاوکرایەوە،
ئاماژە بەوە دەکات؛ بانگەوازیی ئاشتەوایی کارێکی زۆر باشە، چونکە خاوەنی سەدان و
هەزاران هەڵسوڕاوی چالاکین کە پێویستە ئاشتبکرێنەوە کە بە گیانی خۆیان لەگەڵ
بزوتنەوەکەدا بون، قوربانی زۆریاندا و نان بڕاو کراون.
دەشڵێت: بانگەوازەکەی
گۆڕان لە پەرۆشییە بۆ هەڵسوڕاوەکانی، چونکە هەمیشە لەگەڵ خەڵکدا بوە و پشتیوانیان
بوە و هەر واش دەمێنێتەوە، بانگەوازەکەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێمە لەسەر بەرنامەی
خۆمانین و لەسەر بەرنامەکانی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بەردەوامین و بەهیچ
شێوەیەک سازشی لەسەر ناکەین ئەو بانگەوازەکەش هەنگاوی جدی دەوێت و پێویستە هەمومان
پێکەوە پێشنیارەکانی هەڵسوڕاوان و کارەکتەرەکانی بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەک دوپاتى دەکاتەوە کە؛ بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستا و
داهاتوشدا هیچ بەدیلێکی نیە و ئەوەی گۆڕان کاری لەسەر کردوە، هیچ لایەنێک
نەیتوانیوە بیکات.