جێگرى سەرۆکى هەرێم: نابێت ناکۆکی لایەنە سیاسیەکان کاریگەری لەسەر یەکگرتووی کورد هەبێت لە بەغدا
21/02/2023
جێگرى سەرۆکى
هەرێم و کۆنسوڵخانەى بەریتانیا جەخت دەکەنەوە لەوەى ناکۆکی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم
لە ناوخۆدا نابێت کاریگەری لەسەر یەکگرتوی و یەک گوتاری کورد لە بەغدا دروست بکات.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ
سێشەممە (٢١ / ٢/ ٢٠٢٣)، مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی
لە جەیمی هامیل جێگری کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و كاثرين شۆ جێگری
نوێى کۆنسوڵی بەریتانیا لە هەرێم کرد و لەدیدارێکدا بارودۆخی سیاسی هەرێمی
کوردستان و عێراقیان تاووتوێکرد، بیروڕایان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا
و نەخشەڕێی چارەسەری کێشەکانی ناوخۆی هەرێم و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
ئاڵوگۆڕکرد.
جێگری سەرۆکی هەرێمی
کوردستان جەختیکردەوە کە پێویستە لایەنە سیاسیەکان بگەنە رێککەوتن بۆ چارەسەری کێشەکان
کە لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بێت.
بەپێى
راگەیەندراوى جێگرى سەرۆکى هەرێم؛ هەردولا هاوڕابون لەسەر ئەوەی ناکۆکی لایەنە سیاسیەکانی
هەرێم لە ناوخۆدا نابێ کاریگەری لەسەر یەکگرتووی و یەک گوتاری کورد لەبەردەم بەغدا
دروست بکات.
هاوکات مستەفا
سەید قادر، وێڕای ستایشی پشتیوانی و هاوکارییەکانی بەریتانیا، هیوای خواست پەیوەندییەکانی
هەردولا فروانتربکرێت و بەردەوام بێت.