کوێستان محەمەد: دەرکردنى یاساى کار گرنگە و بەشێکی گرنگیشی بەدواداچونە بۆ جێبەجێکردنی وەکو خۆی

02/03/2023

وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی باس لە گرنگی یاسای کار دەکات و ده‌ڵێت: یاساکە دەستەبەرى رێگرى لە چەوساندنەوەى كرێكاران و دابینکردنى موچه‌ و پێداویستییه‌كانی ته‌ندروستی و پیشه‌ییشیان بۆ کردون .

كوێستان محه‌مه‌د، وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی لەبارەى پڕۆژەى یاساى کار کە وەزارەتەکە ئامادەى کردوە و دوێنێ لە پەرلەمانى کوردستان پەسەند کرا، رایدەگەیەنێت: له‌ كوردستان چەوساندنەوەى كرێكاران هەیە لەگەڵ و پێنه‌دانی مافه‌كانیان له‌ سه‌عاتی كاركردنه‌كان و موچه‌ و دابیننه‌كردنی ئامێره‌كان و پێداویستییه‌كانی سه‌لامه‌تی پیشه‌یی و ته‌ندروستی، بۆیە دەرکردنى یاساى کار بەشێوەیەکى سەردەمییانە گرنگى زۆرى هەیە بۆیان.

وتیشی: بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كه‌موكورتیانه‌ ویستی وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له ‌ڕێگه‌ی یاسایه‌كه‌وه‌ به‌شێكی مافه‌كان بۆ كرێكارن بگه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م یاسایه‌ تایبه‌ت كراوه‌ به‌ پشكنین و پشكنه‌ران، پشكنه‌ران سه‌ر به ‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تی كاره‌ له‌ پارێزگاكان و له‌ ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان، به‌دواداچون بۆ ره‌وشی كرێكاران ده‌كه‌ن و له‌دۆخی كرێكاران له‌ روی موچه‌، ‌سه‌عاتی كار، دابینكردنی پێداویستی له‌ شوێنی مانه‌وه‌یان و خواردنیان، كه‌ هه‌مو ئه‌مانه‌ له‌ یاسای كاردا رێكخراوه‌.

وه‌زیری كاروكاروباری رونیكرده‌وه‌، له‌كابینه‌كانی پێشوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشكنینی كار نه‌بوه‌، به‌ڵام  توانیمان لەم کابینەیەدا (12) پشكنه‌ر دابمه‌زرێنین كه ‌به‌هه‌مو سه‌ردانی‌ شوێنه‌كان ده‌كه‌ن و دەسەڵاتى سزادان و ئاراسته‌كردنی دۆسیه‌كانیان بۆ دادگا هەیە.

كوێستان محه‌مه‌د، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد؛ له‌گه‌ڵ دیاریكردنی رێكاری دانانی كه‌مترین موچه‌ی كرێكاری تازه‌ دامه‌زراو (كرێكاری ناكارامه) كه‌ هیچ پسپۆڕێیه‌كی نیه، پێشتر به‌ بڕی (285) هه‌زار دینار دیاریكراوه‌، به‌ڵام لەم یاسایەدا (350) هه‌زار دینار‌ ده‌ستنیشان كراوه‌ بۆ كه‌مترین موچه‌، هه‌روه‌ها به‌پێی یاساكه‌ش لیژنه‌یه‌كی پسپۆڕ دوساڵ جارێك كۆبونه‌وه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بازاڕ و نرخ ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ موچه‌ی كرێكار دیاری ده‌كرێته‌وه‌ و پێشنیار بۆ وه‌رزیی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن بۆ گۆڕانكاریی له‌و بڕه‌دا.


هەواڵی زیاتر