وەزیری دارایی: لەسەر بەشە بودجەی هەرێم گەیشتوینەتە رێکكەوتن لەگەڵ بەغدا

06/03/2023

وەزیری دارایی ڕایدەگەیەنێت: لەچوارچێوەی بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ سفرکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ بەغدا ئەوپەڕی نەرمیمان نواندووەو لەسەر بەشە بودجەی هەرێم گەیشتوینەتە ڕێکەوتن و دوا داڕشتنی بەندەکانی لەلایەن هەردوو لاوە تەواو بووە.

ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری لەكۆبونەوەیەكدا لەگەڵ وەفدێکی باڵای کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێربە سەرۆكایەتی زەهرا بێل کونسوڵی گشتی ئەمریکا لەهەولێر بە وەکالەت، تیشکی خستە سەر دواین دەرئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداو ڕایگەیاند لەچوارچێوەی بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ سفرکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ بەغداد ئەوپەڕی نەرمیمان نواندووەو لەسەر بەشە بودجەی هەرێم گەیشتوینەتە ڕێکەوتن و دوا داڕشتنی بەندەکانی لەلایەن هەردوو لاوە تەواو بووە و ئومێدەوارین بەزوترین کات بگاتە پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەند کردنی.

لەبارەی هەنگاوەکانی چاکسازیشەوە، وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەكردوە: رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کۆکردنەوەیان لە ژێر چەتری وەزارەتدا قۆناغی باشی بڕیوەو ئەوەی پەیوەستە بە وەزارەتی داراییەوە هەموو کارئاسانیەکمان بۆ ئەو پرۆسەیە کردووە و بەردەوامیش دەبین.

لای خۆیەوە زەهرا بێل کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر بە وەکالەت ستایشی ڕۆڵی شاندی هەرێمی کوردستانی کرد لە بەرەوپێشچونی هەنگاوەکانیان بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق لە سەر بودجەو دۆسیەی نەوت و غاز، هاوکات لە بڕیارەکان بۆ یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا باس لە کێشە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کراو تیشک خرایە سەر کەمی داهات لە سنوری پارێزگای سلێمانی، لەو ڕوەشەوە وەزیری دارایی ئەو هەنگاوانەی بۆ وەفدی میوان ڕوون کردەوە کە بەمەبەستی ڕێکخستنەوەو زیادکردنی داهاتی پارێزگاکە گرتویانەتە بەر.


هەواڵی زیاتر