جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە: بڕیارى بە پارێزگا ناساندنى هەڵەبجە ماف و بەرهەمى خوێنى شەهیدانى هەڵەبجەیە

13/03/2023

شاهین حەمەڕەزا، جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە، رایدەگەیەنێت: بڕیارى ناساندنى هەڵەبجە وەک (١٩)یەمین پارێزگاى عێراق لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى فیدراڵەوە ماف و بەرهەمى خوێنى شەهیدانى هەڵەبجەیە.

شاهین حەمەڕەزا، جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە، ئاماژە بەوەش دەکات؛ بڕیارەکە خەڵکى ئێمە دڵخۆش دەکات و کاریگەرى ئەرێنى دەبێت بە ئاڕاستەى خزمەتکردنى پارێزگاى هەڵەبجە کە لە رابردودا وەک پێویست و هێندەى قوربانیدانى خزمەت نەکراوە، "رەنگە رێکارە ئیدارییەکانى دیکە چەند مانگێکى بوێت، بەڵام پێویستە وەک پارێزگاکانى دیکە دەستى ئاوەدانى و خزمەت و پڕۆژەکان بۆ هەڵەبجە درێژ بکرێت و بەڕێوەبەرایەتییەکان لە هەڵەبجە بکرێتەوە".

دەشڵێت: ئەو خزمەتگوزاری و پڕۆژانەى کراون لە ئاست پێویست و قوربانیدانى هەڵەبجەدا نەبون، جگە لەوە دەبو لەسەرەتاى روخانى رژێمى بەعسەوە حکومەتى عێراق کارى بۆ قەرەبوکردنەوەى خەڵکى هەڵەبجە بکردایە، بۆیە ئومێدمانە و هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین هەڵەبجە وەک پارێزگاکانى دیکە مامەڵەى لەگەڵ بکرێت چونکە زیاتریشى بۆ نەکرێت پێویستە وەک ئەوان مامەڵەى لەگەڵ بکرێ.


هەواڵی زیاتر