ئاوات جەناب نووری: زیاد کردنی سەرچاوەی داهاتی سندوقی کۆمەکی شێرپەنجە ئەرکێکی نیشتیمانییە

03/04/2023

وەزیری دارایی رایدەگەیەنێت: زیاد کردنی سەرچاوەی داهاتی سندوقی کۆمەکی شێرپەنجە ئەرکێکی نیشتیمانییە و دەڵێت. ”هەموو ڕێگایەکی یاسایی و گونجاو دەگرینەبەر بۆ زیادکردنی سەرچاوەی داهات بۆ سندوقەکە”.

ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ ئەنجومەنی سندوقی کۆمەک بۆ توشبوانی شێرپەنجە کۆبۆوە و تێیدا تیشک خرایە سەر ڕاسپاردەو پێشنیارەکانی کۆبوونەوەی پێشوو، هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی جێبەجێکردنیان کرا.

وەزیری دارایی ئاماژەی بەو بڕیارانە کرد کە لە وەزارەتی دارایی جێبەجێ کراون و بەپێی یاسا ڕەسمی گومرگی لەو کاڵا زیان بەخشانە وەرگیراوە کە داخڵی هەرێمی کوردستان دەکرێن بۆ پاڵپشتی سندوقەکە تەرخان کراوە.

لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا باس لە ئەو ڕێوشوێنانە کرا کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و دەستەی ژینگەوە گیراوەتە بەر بەرامبەر ئەو کارگەو پاڵاوگانەی کاریگەریان لەسەر پیسبونی ژینگەو کەرتی تەندروستی هەیەو بڕیاری پێویستی لە بارەوە درا.

هاوکات بڕیاردرا لیستی ئەو کارگەو شوێن و پاڵاوگانەی کاریگەریان لە سەر پیسبونی ژینگەو کەرتی تەندروستی هەیە لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنانەوە بدرێتە وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی دارایی و ئابووری تا ڕێکاری پێویستیان بەرامبەر بگیرێتە بەر.
وەزیری دارایی جەختیشیکردەوە هەموو ڕێگایەکی یاسایی و گونجاو دەگرینەبەر بۆ زیادکردنی سەرچاوەی داهات بۆ سندوقەکەو ڕونیکردەوە زیادکردنی سەرچاوەی داهات بۆ سندوقەکە بە نیسبەت ئەوانەوە ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەییەو لەو پێناوەشدا هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە و کۆبونەوەو هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان دەکەن تا بتوانن زۆرترین سەرچاوەی داهات بۆ سندوقەکە دەستەبەر بکەن.


هەواڵی زیاتر