وەزیرى دارایی: رێککەوتنى هەرێم و بەغدا لەسەر هەناردەکردنى نەوت کاریگەرى لەسەر بودجە و چارەسەرى بەشێکى گەورەى کێشەکانى نێوان هەردولا دەبێت
04/04/2023
وەزیرى دارایی
و ئابورى رایدەگەیەنێت؛ ئومێدەوارم رێککەوتنەکەى نێوان هەرێم و بەغدا وەکخۆى
جێبەجێ بکرێ کە لەو بڕوایەدام کاریگەرى لەسەر بودجە و چارەسەرى بەشێکى گەورەى
کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت و بۆ دۆخى سیاسى هەرێم و عێراقیش کاریگەرى زۆر
دەبێت.
ئاوات جەناب
نورى، وەزیرى دارایی و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان دواى واژۆکردنى رێککەوتنى
هەرێم و بەغدا لەبوارى پڕۆسەى هەناردەکردنەوەى نەوت رایگەیاند: ئەم رێککەوتنەى
لەنێوان هەرێم و بەغدا لەبارەى پرسى نەوت واژۆکرا، بنەماکەى ئەو پرەنسیپانەیە کە بە
هەردولا لە پڕۆژەیاساى بودجە دامانناوە لە بوارەکانى سەرپەرشتى و بەڕێوەبردن و وردبینى
پێکەوە و هەر ئەوەش یارمەتى ئێمەى دا ئەم رێککەوتنە بکەین.
لەبارەى
کاریگەرى رێککەوتنەکەشەوە، ئاوات جەناب نورى وتى: کاریگەرى لەسەر بودجە و چارەسەرى
بەشێکى گەورەى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت، لەو بڕوایەم بۆ دۆخى سیاسى
هەرێم و عێراق کاریگەرى زۆر دەبێت و سەقامگیرى زیاتر بهێنێت، ئومێدەوارم وەکخۆى
جێبەجێ بکرێ.