کەمال موسلیم: هەوڵەکانمان بۆ هەمەچەشنکردنى سەرچاوەکانى داهاتە بۆئەوەش هانى کۆمپانیا ناوخۆ و بیانییەکان دەدەین

04/04/2023

وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى رایدەگەیەنێت؛ پرۆسەى دابەشکردنى شایستە داراییەکانى جوتیاران بۆ ساڵى (2016) بەم نزیکانە کۆتایی دێت دەشڵێت: پلان و هەوڵمان هەمە چەشنکردنى سەرچاوەکانى داهاتە بۆئەوەش هانى کۆمپانیا ناوخۆ و بیانییەکان دەدەین و ئاسانکارییان بۆدەکەین.

کەمال موسلیم وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ سایتى (گۆڕان) رایگەیاند: دواى بەدەستهێنانەوەى شایستە داراییەکانى جوتیارانى هەرێمى کوردستان، شایستەى ساڵى (2015) کۆتایی هاتوە و  ئێستا دابەشکردنى شایستە داراییەکانى ساڵى (2016) بەردەوامە بەم نزیکانە ئەو پڕۆسەیەش لە شارەکان کۆتاییان دێت و  تەواوى جوتیاران مافەکانى خۆیان وەردەگرن.

لەبارەى بەشە خۆراکى مانگى رەمەزان، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى رایگەیاند: ئەوەى کە دابەش دەکرێت بەشە خۆراکى سێیەمە کە بۆ مانگى رەمەزان چوار پێکهاتەى خۆراکى زیادکراوە لەوانە هێلکە و ئاردى سفر و نیشاستە، بەشێکى زۆرى گەیشتوەتە هەرێمى کوردستان و لە هەندێک شوێن لەلایەن بریکارەکانەوە دەست بە دابەشکردنى کراوە، "تەنها هێلکە نەگەیشتوە و چاوەڕوان دەکەین ئەویش رەوانە بکرێت".

سەبارەت بە فرەچەشن کردنى داهاتیش کە یەکێکە لە پلانى کابینەى نۆیەم و وەزارەتەکەشدا بوە، کەمال موسلیم جەختى کردەوە کە پلانى حکومەت و وەزارەتەکەشیان کارکردنە بۆ فرەچەشن کردنى داهات و دەڵێت: ناکرێت پشت بە تەنها یەک سەرچاوە ببەسترێت بەتایبەت کە نرخى نەوت جێگیر نییە، بۆیە تێڕوانینى ئێمە و کار و هەوڵەکانیشمان بۆئەوەیە سەرچاوەى داهات فرەچەشن بکرێت بۆئەوەش ئامادەى هاریکارى و کارئاسانین بۆ کۆمپانیا ناوخۆ و بیانییەکان و لە چەند سێکتەرێکدا هەوڵدراوە بەڵام هێشتا لە ئاست چاوەڕوانى ئێمەدا نییە و نەبوەتە سەرچاوەیەکى باش، بۆیە ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوامین.

وتیشى: هەمیشە لە دیدار و کۆبونەوەکانمان لەگەڵ کۆنسوڵ و نێردەى وڵاتانیش جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئامادەین هاوکاری و کارئاسانى بۆ کۆمپانیاکانیان بکەین بۆئەوەى لە هەرێمى کوردستان وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارى بکەن.


هەواڵی زیاتر