ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى: دەسەڵاتدارانى کورد لە رابردودا هەڵەى ستراتیژى گەورەیان کردوە

06/04/2023

ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى رایدەگەیەنێت؛ دەسەڵاتدارانى کورد لە رابردودا هەڵەى ستراتیژى گەورەیان کردوەو ئەوانەشى چونەتە بەغدا بەناوى نوێنەرایەتى کوردەوە شەڕیان بۆ خۆیان و بەررژەوەندى حیزبەکەیان کردوە نەک ستراتیژى نەتەوەیی، بەڵام هێشتا دەرفەرتێک لەبەردەم کورددایە کە حوکمڕانییەکى رەشید و دامەزراوە و هێزێکى پێشمەرگەى یەکگرتوو ئابورییەکى شەفاف و دیموکراسیەکى پارێزراوى هەبێت.

هۆشیار عومەر عەلى ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەندازیارى سیاسەت و ستراتیژى ئابورى سەربەخۆ پارتى و یەکێتى بون، بەڵام گرێبەستەکان هەڵەیان تێداکراوە و نەوتەکە بە هەرزان دەفرۆشرا و بازنەیەکى کەمیش لە لە کەسایەتى حیزبەکان ئاگادارى وردەکارى پڕۆسەکە بون لەجیاتى پەرلەمان و خەڵکى کوردستان، ئێستاش وا نیشان دەدەن لەگەڵ ئەم رێککەوتنەن کە ئەنجامدراوە.

ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى رایدەگەیەنێت؛  دەسەڵاتدارانى کورد لە رابردودا هەڵەى ستراتیژى گەورەیان کردوە بە سەربەخۆ فرۆشتنى نەوت و پێشخستنى بەرژەوەندییە حیزبى و تایبەتییەکانى دەسەڵاتدارانیش متمانەى حکومەتى نەهێشت لاى خەڵک، ئێستاش هێزى هەرێمى کوردستان خەڵکى کوردستانە نەک دەسەڵاتداران و حیزبەکانیان، بۆیە پێویستە ئەو متمانەیە لە ناوخۆ و دەرەوەش بگەڕێنرێتەوە ، ئەوەش بە راستکردنەوەى هەڵەکانى رابردو لەگەڵ پەیڕەوکردنى حوکمڕانییەکى رەشید کە مافى هاوڵاتیبون سەروەرى یاسا و جۆرێک لە دادپەوەرى و رەخساندنى ئازادییەکان و ئابورییەکى شەفاف تێیدا رەچاو بکرێت بەدى دێت.

هەروەک ئەوە دەخاتەڕو؛ لە رابردودا ئەوانەى چونەتە بەغدا بەناوى نوێنەرایەتى کوردەوە لەبرى ستراتیژى نەتەوەیی و کارکردن بۆ بەرژەوەندییەکانى خەڵک، شەڕیان بۆ خۆیان و بەررژەوەندى حیزبەکانیان کردوە کە هەمومان لە ململانێى یەکلاکردنەوەى پۆستەکاندا بینیومانە، "سەربارى ئەوەش هێشتا دەرفەت هەیە بە ستراتیژێکى نیشتیمانیانە بەرگرى لە دۆزى کورد بکرێت لە ناوخۆش حکومەتێکى راستەقینە و دامەزراوە و هێزێکى پێشمەرگەى یەکگرتوو، ئابورییەکى شەفافمان هەبێت لەم رێککەوتنەش کە ئەنجامدراوە بۆ هەناردەى نەوت و ناردنى بودجە هاوڵاتیان سودمەند بن".


هەواڵی زیاتر