دانا عەبدولکەریم: ناکرێت لایەنە سیاسیەکان لەسەر بنەماى بەرژەوەندییە گشتیەکان و سەروەرى هەرێمى کوردستان ململانێ بکەن
08/04/2023
دانا عەبدولکەریم، ئەندامى تیمى وزارى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ ناکرێت
لایەنە سیاسیەکان لەسەر بنەماى بەرژەوەندییە گشتیەکان و سەروەرى هەرێمى کوردستان
ململانێ بکەن، ئاماژە بەوەش دەکات؛ ئەوە رێککەوتنەى لەنێوان حکومەتى هەرێم و
حکومەتى ئیتیحادى کراوە یەکێکە لە رێککەوتنە باشەکان و لەگەڵ پەسەند کردنى بودجەى
عێراق کارگەرى باشى دەبێ لەسەر گەشانەوەى ئابورى هەرێمى کوردستان و سەقامگیرى
ئابورى ژیانى هاوڵاتیان و موچەخۆران.
دانا عەبدولکەریم، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە چاوپێکەوتنێکدا
لەگەڵ کەناڵى (کەى ئێن ئێن) تیشک دەخاتە سەر چەند پرسێکى هەنوکەیی و لەبارەى هێرشەکەى
سەر فڕۆکەخانەى سلێمانى و ململانێکانى هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان، رایگەیاند: پێویستە
وەک عێراق و هەرێمى کوردستان سەروەرى خۆمان لەپێش هەمو شتێکەوە بێت، ناکرێت لەسەر
بنەماى بەرژەوەندییە گشتیەکان و سەروەرى هەرێمى کوردستان ململانێ بکرێت، هەرێمى
کوردستان بەشێکە لە حکومەتى عێراق و ئەرکى دەوڵەت و حکومەتى عێراقە سەروەرى خاکى
هەمو عێراق بپارێزێت و بێتە دەنگ، کاردانەوەى توند دەبێت لەلایەن حکومەتى عێراقەوە
بێت لە ئەنجومەنى ئاسایش سکاڵا بکات و داوا بکات رێگرى لە دوبارەبونەوەى ئەو هێرشانە
بکات، چونکە پێش ئەوەى هێرشبێت بۆ سەر هەرێمى کوردستان هێرشە بۆ سەر سەروەرى عێراق.
لەبارەى ململانێى نێوان لایەنە سیاسییەکان تەنانەت لەکاتى ئەو دۆخانەشدا،
دانا عەبدولکەریم دەڵێت: ململانێ لەسەر ئەو پرسانە پێویستە بە هێڵى سور بزانرێت، چونکە
هێرشکردنە سەر فرۆکەخانەى سلێمانى، کارێکى ناڕوایە و دژى پرەنسیپەکانى رێزگرتنى
دراوسێیەتى و سەروەرى و بەرژەوەندى خەڵکى کوردستانە، دەکرێت ئەگەر وڵاتێکى دراوسێ رەخنە
و تێبینیەکیان هەبێت لە رێگەى پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانەوە بگەیەنن نەک بە درۆن و
فڕۆکە خەڵک و خاکى هەرێمى کوردستان بۆردومان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لەو
وهۆکارانەى وڵاتانى دراوسێ دەستکراوە دەکات بۆ هێرش بۆ سەر خاکى هەرێمى کوردستان
ناتەبایی و ململانێى نێوان هێزە سیاسییەکانە.
لەبارەى رێککەوتنەکەى حکومەتى هەرێم و حکومەتى ئیتیحادى و کاریگەرییەکانى بۆ
هەرێمى کوردستان، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە رونى کردەوە؛ لەدواى پەسەندکردنى یاساى
بودجەى عێراق کاریگەرى رێککەوتنى نەوتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵ دەردەکەوێت، چونکە
لەسەر بنەماى دەستور کراوە، لە سەرەتاى کابینەکەشەوە کارمان بۆئەوە کردوە کە رێکەوتنەکە
بکرێ و نیەتمان ئەوە بوە، سەرۆک وەزیرانى عێراقیش وەڵامدانەوەى هەبوە و وایکرد
لێکنزیکبونەوە و رێککەوتن بکرێ کە بەپێى رێککەوتنەکە مەلەفى نەوت لە چوارچێوەى
سۆمۆ ئەکرێت بە بەشدارى کورد، واتە پڕۆسەکە ئیدارەدانى هاوبەشە.
دەشڵێت: بەگشتى رێککەوتنەکە یەکێکە لە رێککەوتنە باشەکان و کارگەرى باشى
ئەبێ لەسەر گەشانەوەى ئابورى هەرێمى کوردستان و سەقامگیرى ئابورى و ژیانى هاوڵاتیانیش،
لەگەڵ جێبەجێکردنى یاساى بودجەى عێراق و رەوانەکردنى بەشە بودجەى هەرێم پرسى دەستپێکردنەوەى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران
بەشێوەیەکى ئاسایی دەیخەینە بەرنامە و گفتوگۆى ئەنجومەنى وەزیران.
سەبارەت بە پڕۆژەکانى رێگەوبان و وەستانیان بەهۆى دۆخى دارایی و نەبونى
سیولەوە، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجیکردن رایگەاند: زیاتر لە ١٠٠ پڕۆژەى
رێگاوبان بەهۆى دابیننەکردنى بودجە و نەبونى سیولەوە راگیراون، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ
سیانەى رێگاوبانەکان لە هەمو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تەنها یەک ملیار دینارى
مانگانەمان لەبەردەستە، لەکاتێکدا تۆڕێکى فراوانى رێگاوبان هەیە و پێویستى بە پێنج
هێندەى ئەو بڕە هەیە بۆ چاککردنى بەردەوام.
هەروەک لەبارەى بونى جیاوازى لەنێوان پارێزگا و ناوچەکان بۆ خزمەتگوزارى
رێگاوبان، دانا عەبدولکەریم جەخت دەکاتەوە لەوەى؛ لەم کابینەیەدا نەیانهێشتوە
جیاوازى و دابەشکارى هەبێت، بەڵام جیاوازى هەیە لە چونیەتى خەرجکردنى سیولە و
سلفەى پارەى بەڵێندەرى جێبەجێکارى پڕۆژەکان لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکى دیکە،
ئەوەش وایکردوە لە هەندێک شوێن کارەکان باشتر بەڕێوەبچن.
دوپاتیشى دەکاتەوە ئەگەر بوجە لەبەردەست بێت هەمو هەوڵێکیان تەواوکردنى
رێگا دوسایدەکانە و نمونەى ئەوە دێنێتەوە کە تا دەستبەکاربونى ئەوان کەمتر لە ١٥%ى
رێگاى نێوان سلێمانى ئەنجامدرابو، ئیستا گەیشتوەتە ٦٠% و زیاتر لە ٧٠ ملیار دیناریان
بۆ خەرجکردوە، "بەڵام هێشتا پێویستى بە ٦٥ ملیار دینارى دیکە هەیە بۆئەوەى
پڕۆژەکە تەواو بێت".