کەمال موسلم: ئامادەکارییەکانمان کردوە و هەمو گەنمى بەرهەمهێنراوى جوتیارانى هەرێمى کوردستان وەردەگیرێت

28/04/2023

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ هەمو ئامادەکارییەکانمان کردوە بۆ وەرگرتنى گەنمى جوتیاران و هەمو گەنمى بەرهەمهێنراوى جوتیارانى هەرێمى کوردستان وەردەگیرێت، هەوڵیش دەدەین بنکەى وەرگرتنى گەنم زیاتر بکەین.

کەمال موسلم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئەمڕۆ هەینی (٢٨/٤/٢٠٢٣) بەیاوەری شاندێکى وەزارەت و وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ سەردانی شاری کۆیەیان کرد بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی گەنم لە بنکەی کۆیە کە چەند ساڵێکە بەهۆی هەندێ بارودۆخەوە گەنمی لێ وەرنەگیراوە و سەرجەم شوێنەکانی وەرگرتن و کۆگا کردنیان بەسەرکردەوە و پێداویستەیەکانی ئەو بنکەیان تۆمارکرد .
کەمال موسلم دواى سەردانەکە رایگەیاند؛ دڵنیاییمان داوەتە حکومەتى فیدڕاڵ کە لە بنکەکانى هەرێمى کوردستان و سایلۆکان تەنها گەنمى جوتیارانى هەرێم و بەرهەمى ناوخۆ وەردەگیرێت و وتیشى: هەمو ئامادەکارییەکانمان کردوە بۆ وەرگرتنى گەنمى جوتیاران و هەمو گەنمى بەرهەمهێنراوى ناوخۆى جوتیارانى هەرێمى کوردستان وەردەگیرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە بڕیارە بۆ ئەمساڵ بە نرخی (٨٥٠) هەزار دینار بۆ هەر تەنێک، گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت و پێشتریش وەزارەتى بازرگانى دواى خستنەگەڕى هەوڵەکانى شایستە داراییەکانى ساڵانى رابردوى جوتیارانى هەرێمى گەڕاندەوە.


هەواڵی زیاتر