کوێستان محەمەد: دەمانەوێت هاوشێوەی فەرمانبەران، کرێکارانیش خانەنشین بکرێن

01/05/2023

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایدەگەیەنێت؛ ڕەشنوسی یاساى خانەنشینى و دەستەبەرکردنى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران ئامادەکراوە بۆ ئەوەی کرێکارانیش وەکو فەرمانبەرانى کەرتى گشتى مافى خانەنشینى و هەمو ئیمتیازاتەکانى ترى هەبێت.

کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە رۆژی جیهانی کرێکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، بە بەردەوامى کارمان لەسەر ئامادەکردنی یاساى کارى تایبەت بە کرێکارانی هەرێمی کوردستان کردوە بە شێوەیەک بەرژەوەندى کرێکاران تێیدا پارێزراو بێت.

دەشڵێت: دەستنیشانکردنى پشکنەرى تایبەت لە هەمو بەرێوەبەراتیەکانى کاردا بۆ بەدواداچونى جێبەجێکردنى برگەکانى یاساى کار و دڵنیا بون لە پارێزراوى مافى کرێکاران باشترین نمونەى داکۆکیکردنى وەزارەتمانە لەسەر هەماهەنگى و پاڵپشتیکردنى خەباتى کرێکاران.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵاتی ئەوەش دەخاتەڕو کە رەشنوسی یاساى خانەنشینى و دەستەبەرکردنى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران ئامادە کردوە، تا کرێکارانیش وەکو فەرمانبەرانى کەرتى گشتى مافى خانەنشینى و هەمو ئیمتیازاتەکانى ترى هەبێت "بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش وەزارەت ژمارەى پشکنەرانى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى زیادکردوە و هێنانەکایەى بەرێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە ئیدارە سەربەخۆکان و کردنەوەى بەشى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە قەزاکان بۆ زیادکردنى ژمارەى سەردانەکان و دەستەبەرکردنى هەمو کرێکارانى کەرتى تایبەت".


هەواڵی زیاتر