سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردن: گۆڕان دوساڵ پێش ئەوەى بگەینە ئەم دۆخە پڕۆژەى هەبو

09/05/2023

سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان، رایدەگەیەنێت؛ ناکۆکى و بێ متمانەىیی نێوان لایەنەکانى دەسەڵات بوەتە لەمپەڕ لەبەردەم هەموارى یاساى هەڵبژاردن و کۆمسیۆن و دەشڵێت: بۆئەوەى چارەسەر بۆ پرسى پێکهاتەکان بکرێت، پێویستە بنکە و تۆمارى دەنگدەرانى تایبەت بەخۆیان هەبێت بۆئەوەى ئەوەى بەناویانەوە دەچێتە پەرلەمان نوێنەرایەتى راستەقینەى خۆیان بکات.

یاسین حەمەعەلى، سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان، لەبارەى هۆکارى دۆخى چەقبەستویی پەیوەست بە هەلبژاردنەکان، ئەوە بیر دەهێنێتەوە کە زیاتر لە دو ساڵە بزوتنەوەى گۆڕان پڕۆژەیاساى بۆ هەموارى یاساى هەڵبژاردن پێشکەشى پەرلەمان کرد، بەڵام لایەنەکان لەو کاتەدا بەدەم پڕۆژەکەوە نەهاتن تا جۆرێک لە چەقبەستویی دروست بو هاوکات کۆمیسیۆنیش کەوتە بۆژشاییى یاساییەوە و لەگەل ئەوەشدا یاساى هەڵبژاردن پێویستى بەهەموارە، چونکە وەڵامگۆى ئەم قۆناغە نییە، بەڵام بەداخەوە دواى چەندین کۆبونەوەى نێوان لایەنە سیاسییەکان ناکۆکى و بێ متمانەیی نێوان یەکێتى و پارتى بوەتە لەمپەڕ لەبەردەم پڕۆسەکە.

لەبارەى هەڵوێست و تێڕوانینى بزوتنەوەى گۆڕانەوە، سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردن دوپاتى دەکاتەوە کە بۆ نەگەیشتن بەم دەرەنجامە گۆڕان پێش کۆتایی هاتنى وادەکە پڕۆژەى پیشکەش کرد، لە رابردودا و ئێستاش گۆڕان لەگەڵ ئەوەدایە لایەنەکان لەسەر مێزى گفتوگۆ بگەنە جۆرێک لە سازان، بەوپێیەى ئەم یاساینە رەهەندى نیشتیمانیان هەیە و پێویستى بە کۆدەنگییە.

لەبارەى پرسى پێکهاتەکانیشەوە کە خاڵێکى ناکۆکى نێوان لایەنەکانە، یاسین حەمەعەلى دەڵێت: هەڵوێستى گۆڕان کە بەشێک لەلایەنەکانیش پشگیرییان کردوە ئەوەیە؛ بۆئەوەى نوێنەرایەتى راستەقینەى پێکهاتەکان بچنە پەرلەمان ئیرادە و ناویان زەوت نەکرێ و بەکارنەهێنرێن لە ململانێ سیاسییەکان، پێویستە بنکە و تۆمارى دەنگدەرانى تایبەت بەخۆیان هەبێت .


هەواڵی زیاتر