دانا عەبدولکەریم:پێویستە پڕۆژەکانى رێگەوبان ئەولەویەت بێت، چونکە پەیوەستە بە ژیانى خەڵک و هەمو سێکتەرەکانى دیکەوە
09/05/2023
وەزیرى ئاوەدانکردنەوە رایدەگەیەنێت؛ لە سەرەتای هەفتەى
داهاتووەوە دەست دەکەین بە چاککردنەوەى رێگاى سماقوڵى دەشڵێت: بەهۆى ئەو دۆخەى دروستبوە بەتایبەت نەبونى بودجە و
سیولە، دابینکردنى موچە بوەتە ئەولەویەتى حکومەت، ئەگەرنا لاى ئێمە رێگاوبانەکان دەبێت
لە پیشەوەى کارەکانى حکومەت بێت بەوپێیەى پەیوەستە بە هەمو سێکتەرەکانى دیکە و
بەبێ رێگاوبان کاروبارى رۆژانەى هاوڵاتیان و جوڵەى بازرگانى و گەشتیارى ئاستەنگى
بۆ دروست دەبێت.
دانا عەبدولکەریم،
وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى حکومەتى هەرێم دواى ئەوەى وەک یەکەم بەرپرسى
حکومەت چوە لاى خۆپیشاندەرانى سماقوڵى کە نزیکەى دو هەفتەبو رێگەکەیان بە روى
ئۆتۆمبێلى بارهەلگردا داخست و کۆمەڵێک داواکارییەکان هەبو، دەڵێت؛ دوێنێ چوینە لاى خۆپیشاندەرانى رێگەى سماقوڵى، ویستمان لە دەمى
خۆیانەوە گوێمان لە داواکارییەکانیان بێت و ئەوەى لە دەسەڵاتى ئێمە بێت بتوانین
بۆیان جێبەجێ بکەین، خۆپیشاندەران بە (10) خاڵ داواکارییەکانیان پێگەیاندین یەکێک
لەوانە رێگریکردن بوو لە بارهەڵگرەکان ئەوەش داواکارییەکى رەوایە و ئەو
داواکارییەیان بۆ جێبەجێکراوە، داواکارییەکى دیکەیان چاککردنەوەى رێگاو بانەکانیان
بوو بەڵێنمان پێدان کە رێگەکانیان بۆ چاک بکەینەوە و دەرخستەى تەواوەتى بۆکراوە و
لە کۆتایى ئەو هەفتەیە تیمەکانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە دەستدەکەن بە کارکردن بۆ
جێبەجێکردنى ئەو داواکارییە و هەندێ داواکاریش تایبەت بوون بە گوندەکانى سنورەکە،
بۆیان جێبەجی دەکرێت".
لەبارەى رێگاى (سلێمانى – کەلار)،
داناعەبدولکەریم دوپاتى دەکاتەوە کە ئەوە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژیەکانى وەزارەت
کە لە (2011)ەوە دەست بەکارکردن تێدا کراوە و رونى دەکاتەوە ئەو ساڵانە یەک ملیار
دۆلارى مانگانە دەهات بۆ هەرێم و دەتوانرا تا ساڵى (2014) تەواو بکرایە، "بەڵام
لەو کاتەى ئێمە وەزارەتمان وەرگرتوە رێژەى جێبەجێکردن (15%) بو لە بڕۆژەکە و لەم
سێ ساڵەدا گەیاندومانەتە (60%) بڕى زیاتر لە (70) ملیار دینارمان بۆ خەرجکردوە، ئێستاش
پێویستى بە (65) ملیار دینارى دیکەیە بۆ تەواوکردنى".
لەبارەى پڕۆژەکانى
رێگەوبانیشەوە دەڵێت: لاى ئێمە پڕۆژەکانى رێگەوبان ئەولەویەتە، بەڵام بەهۆى ئەو
دۆخەى هەیە لە نەبونى بودجە و سیولە، دابینکردنى موچە لەپێشترە، لەگەڵ ئەوەشدا
ئێمە پێمانوایە رێگاوبان وەک موچە دەبێت ئەولەویەتى حکومەت بێت بەوپێیەى پەیوەستە
بە ژیانى خەڵک و هەمو سێکتەرەکانى دیکە و بەبێ رێگاوبان کاروبارى رۆژانەى
هاوڵاتیان و جوڵەى بازرگانى و گەشتیارى ئاستەنگى بۆ دروست دەبێت، پڕۆژەکانى
رێگەوبانیش پێویستیان بە بودجەیەکى گەورە تر هەیە.