گۆڕان و یەکێتى: خزمەتى هاوڵاتییان بکرێت و جیاکاری و جیاوازی ئینتیمای سیاسی نەبێتە بەربەست

09/05/2023

بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بۆ تاوتوێکردنى دواپێشهات و گۆڕانکاری و رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان و داڕشتنی سیاسەتی کاری هاوبەش و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغەکانی داهاتوو کۆبونەوە.

بەپێى راگەیەندراوى کۆبونەوەکە کە ئەمڕۆ سێشەممە (9/5/2023) بەڕێوەچو، جەختکرایەوە لەوەى؛ پێویستە پەیوەندییەکانى هەردولا لەسەر ئاستى حکومەت و حیزبیش لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا بێت و بتوانرێت روبەڕوی ئاڵنگارییەکان ببن و داکۆکی لە داوا ڕەواکان بکەن و "هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیە بن کە خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان بکرێت و هەردوو تیم راسپێردران کە بەهیچ شێوەیەک جیاکاری و جیاوازی ئینتیمای سیاسی نەبێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێ کردنی پلانی خزمەتکردنی هاوڵاتییان"


دەقى راگەیەندراوی تیمی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی

تیمی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی کۆبوونەوە و پێکەوە گفتوگۆیان لەبارەی دواپێشهات و گۆڕانکاری و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغەکانی داهاتوو و رێکخستنەوەی باشتری پەیوەندییەکان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ نۆیی ئایار لە سلێمانی بە سەرپەرشتی بەڕێزان، مستەفای سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوو، قسە لەبارەی چۆنییەتی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لە سەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەتایبەت و هەرێمی کوردستان بەگشتی کرا.
هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی هەنووکەیی کراو لەو بارەیەشەوە باسیان لە دارشتنی سیاسەتی کاری هاوبەش و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغەکانی داهاتوو کرد.
کۆبوونەوەکە لەبەر رۆشنایی گۆڕانکاری و دواپێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکان، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان لە حکومەت وحیزبیش بتەوتر بکرێن بۆ ئەوەی لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا بێت و بتوانرێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببن و داکۆکی لە داوا ڕەواکانی و پێویستییەکانی سلێمانی بکەن.
هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون کە دەبێت هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیە بن کە خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان بکرێت و هەردوو تیم راسپێردران کە بەهیچ شێوەیەک جیاکاری و جیاوازی ئینتیمای سیاسی نەبێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێ کردنی پلانی خزمەتکردنی هاوڵاتییان و پێکەوە خزمەتی باشتری سلێمانی بکەن.
ئەمە سێیەم کۆبوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتییە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو و لەئاستی جیاجیادا کە ئەمانج لێیان بەهێزتر کردنی پەیوەندییەکان وجێبەجێ کردنی رێکەوتنەکانی نێوانیان لەپێناو خزمەتکردنی باشتری هاوڵاتیان. هەر بۆیەش بڕیار درا ئەم کۆبوونەوانە بەردەوامییان پێبدرێت.


هەواڵی زیاتر