کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات
17/05/2023
بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ كۆنسوڵی بەریتانیا جەخت لە پرەنسیپ و بەرنامەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردن و ئازادییەكان و یەكڕیزی و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان دەكاتەوە.
ئەمڕۆ چوار شەممە، ١٧ی ٥ی ٢٠٢٣، رەوزی کەیڤ، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و لەلایەن هۆشیار عومەر عەلی، رێکخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بە ئامادەبونی یاسین حەمە عەلی، سەرپەرشتیاری ژوری هەڵبژاردن پێشوازی لێکرا.
لە کۆبونەوەکەدا چەند پرسێک گفتوگۆیان لەسەر کرا و تایبەت بە پرسی هەڵبژاردن، سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان رونكرایەوە و تێیدا دواخستنی بەردەوامی هەڵبژاردنەکان بە پەڵەیەکی رەش لە پرۆسەی سیاسی و لێدانی دیموکراسی باس کرا و ناوەڕۆکی پرۆژە یاسای بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەست بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرسی کورسی پێکهاتەکان خرانەڕوو.
لەبارەی ناکۆکیەکانی نێوان هێزەكان و رێگەی چارەسەرکردنیان ئەو راستیە خرایەڕوو، کە زاڵبون و دەستێوەردانی حیزب لە کاروباری حکومەت سەرچاوەی کێشەکانە و نابێت حیزب جێگرەوەی حکومەت بێت و چارەسەری ریشەیی بنیاتنانی دامەزراوەی نیشتیمانیە.
دەربارەی هێرش بۆ سەر ئازادییە سیاسی و شارستانیەکان ئەو دژ بە یەکیە باس کرا کە کورد سەد ساڵ تێکۆشانی بۆ دیموکراسی و ئازادی بووە کەچی هاونیشتیمانیان و رۆژنامەنووسان لە ژێر هەڕەشەی بەردەوامدان.
هاوكات پەیوەست بە ساڵیادی کۆچی دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئەو راستیە خرایەڕوو کە لە ئامادەیی ئەودا ٧٥٪ی خەڵک متمانەیان بە پرۆسەی سیاسی هەبو و بەڵام ئێستا دۆخەكە پێچەوانە بوەتەوە.
لای خۆیەوە رەوزی کەیڤ، کونسوڵی گشتی بەریتانیا باسی لە کەموکوڕی دیموکراسی کرد و ئاماژەی بە راگەیەندراوی بەریتانیا و ١٢ دەوڵەتی تر کە ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتە سیاسیەکانیان کردووە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراودا.
فۆتۆ: بڕیار نامیق