مستەفا سەید قادر: دۆخى هەرێم و فشارى نێودەوڵەتى وا دەخوازێت هەڵبژاردن بکرێت

24/05/2023

مستەفا سەید قادر  رایدەگەیەنێت؛ گرفتى سەرەکى بۆ دواکەوتنى هەڵبژاردنەکان یەکێتى و پارتین، ئەگەر ئەوان رێکبکەون، ئێمە هیچ گرفتێکمان نییە و هەوڵیشمانداوە نزیکبونەوە لەنێوانیاندا هەبێت، بەڵام لەسەر حسابى لایەنە سیاسییەکان و خەڵک نەبێت، دەشڵێت: لەم ماوەیەدا پەیام و بانگەوازمان هەبوە بۆ ئاشتەوایی ناوخۆیی و لەگەڵ هاوڕێکانیشمان لە گفتوگۆداین، چونکە ئەو ناکۆکییانەى لەنێوانماندان ستراتیژى و نەتەوەیی نین، دەکرێت جارێکى دیکە پێکەوە کاربکەین، وەکو وەفایەکیش بۆ کاک نەوشیروان بتوانین گۆڕان بیکەینەوە بە هێزێکى کاریگەر.


مستەفا سەید قادر، جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە ژمارەى ئەمڕۆرى رۆژنامەى (هاوڵاتى) بڵاوبوەتەوە چەند تەوەر و باسێک گفتوگۆ دەکات و پەیوەست بە بابەتى هەڵبژاردنەکان و ململانێکانى یەکێتى و پارتى، مستەفا سەید قادر، دەڵێت: بەداخەوە ململانێکان واى لێهاتووە خەڵکى نیگەران کردوە، ئەگەر سەرنجتان دابێت هەڵژاردنەکانى پێشوتر (70%)ى خەڵک دەچون بۆ دەنگدان، بەڵام ئەم هەڵبژاردنەى کۆتایی (70%)ى خەڵک نەچوە دەنگ بدات، ئەمەش لە ئەنجامى بێ متمانەیی خەڵکە، خەڵک چاوەڕوانى ئەوبوە کە ئەو هەموو ساڵە خزمەتى زیاتر بکرێن، موچە لەکاتى خۆیدا بدرێت و وڵاتەکەمان زیاتر ببوژێتەوە و کێشەکان چارەسەرى بکرێت و لەگەڵ ئەوەشدا هەمومان تەبابین دەتوانین ئامانجەکان زیاتر بەدى بهێنینین.

دەشڵێت: لە هەرێمى کوردستان دۆخێک هاتوەتە پێشەوە کە لەوە زیاتر بەرگە ناگیرێت فشارى نێودەوڵەتى هەیە و دۆخى هەرێمیش وا دەخوازێت کە هەر دەبێت هەڵبژاردن بکرێ، بۆیە هەڵبژاردن دەکرێت و پێمانوایە لەم ماوەیەدا لایەنە سیاسییەکان دەگەنە رێککەوتن، بەڵام ماوەتەوە سەر مانگ و رۆژکەى، ناڵێم لەو کاتەى سەرۆکى هەرێم دیارى کردوە لە (18/11/2023) دەکرێت، چونکە رەنگە لایەنە هونەرییەکانى کاتى زیاترى بوێت، بەڵام رەنگە زۆر دوانەکەوێت.

مستەفا سەید قادر لەبارەى هۆکارى دواکەوتنى هەڵبژاردنەکانەوە، نایشارێتەوە کە؛ گرفتى سەرەکى یەکێتى و پارتین، ئەگەر ئەوان لەسەر هەڵبژاردن رێک بکەون، ئێمە وەکو گۆڕان هیچ گرفتێکمان نییە و هەوڵیشمانداوە نزیکبونەوە لەنێوان ئەو دو لایەنە هەبێت، بەڵام نزیکبونەوەکەیان لەسەر حسابى لایەنە سیاسییەکان و خەڵک نەبێت، ئێمە پێمانوایە پێویستە هەڵبژاردن لەکاتى خۆیدا بکرێت و ململانێکانیش لە چوارچێوەى خزمەتکردنى خەڵکدابێت و بۆئەوەبێت کام لایەن خزمەتى زیاتر بکات نەک بەرژەوەندى حیزبى.

لەبارەى هەڵوێست و دیدى بزوتنەوەى گۆڕانیشەوە، مستەفا سەید قادر دەڵێت: وەکو بزوتنەوەى گۆڕان لە کۆنەوە پێمانوابوە دەبێت هەموان پێکەوە بین، کاک نەوشیروان پڕۆژە و بەرنامەى زۆرى هەبوە بۆئەوەى قەوارەى هەرێمى کوردستان پارێزراو بێت، ئەگەر بگەڕیینەوە بۆ یەکێک لە پڕۆژەکانى ئەوبوو کە دەبێت حیزب لە حکومەت جیابکرێتەوە، حیزب ململانێى سیاسى دەکات و ژیانى دیموکراسى وایە، بەڵام کە چوە حکومەتەوە دەبێت حکومەتدارى بکات.

هەروەک پەیوەست بە دۆخى ناوخۆیی و پڕۆسەى ئاشتەوایی، مستەفا سەید قادر دەڵێت: لەم ماوەیەدا هەم پەیامێک و هەم بانگەوازێکمان هەبوە بۆ ئاشتەوایی و لەگەڵ هاوڕێکانیشمان لە گفتوگۆداین، چونکە ئەو ناکۆکییانەى لەنێوانماندان ئەوەندە قوڵ نین و شتى ستراتیژى و نەتەوەیی نین، دەکرێت جارێکى دیکە پێکەوە کاربکەین، وەکو وەفایەکیش بۆ کاک نەوشیروان بتوانین ئەگەر گۆڕان نەشکەینەوە بە گۆڕانەکەى جاران ئەوا بیکەین بە هێزێکى کاریگەر.


هەواڵی زیاتر