وەزیری دارایی: بەهیچ جۆرێک سازش لەمافە یاسایی و دەستوریەکانمان ناکەین
07/06/2023
وەزیری دارایی رایدەگەیەنێت: لە سەر ئاستی باڵای سیاسی هەرێم و بەغداد گفتو گۆو پەیوەندیەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن لە سەر ئەو بڕگەو مادانەی پرۆژە یاسای بوجەی عێراق کە تایبەتن بەهەرێمی کوردستان.
ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە كۆبونەوەیەك لەگەڵ محەمەد مەولود یاقوت کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کورستان و شاندێکی یاوەری، ئاماژەی بە پەیوەندییە ستراتیژی و سیاسی و ئابورییەکانی نێوان هەرێمی کورستان و ولاتی تورکیا کە مێژویەکی قوڵ و دورو درێژی هەیەو لە ئێستادا لەبواری بازرگانی و وەبەرهێنانیشەوە بەردەوام لەبەرەوپێشچوندایە.
وەزیری دارایی پەیوەست بە دواین پێشهاتەكان و یاسای بودجەی عێراق رایگەیاند: لە سەر ئاستی باڵای سیاسی هەرێم و بەغداد گفتو گۆو پەیوەندیەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن لە سەر ئەو بڕگەو مادانەی پرۆژە یاسای بوجەی عێراق کە تایبەتن بەهەرێمی کوردستان.
ڕونیشیکردەوە وەک شاندی دانوستانکاری هەرێم پێشبینی ئەو کێشەو گۆڕانکاریانەیان نەکردووە بەهۆی ئەوەی پێش دەرچونی بڕیاری دادگای پاریس ڕێکەوتنی سیاسی و حکومیان لەسەر بودجەو نەوت کردووەو ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان بەدەقی یاسایی چەسپاندووە و وتیسی: تاڕادەیەک نەرمی نواندن هەیە بەڵام بەهیچ جۆرێک سازش لەسەر مافە دەستوری و یاساییەکانمان ناکەین و پابەندین بەو ڕێکەوتنانەی پێشتر ئەنجاممانداوەو چاوەڕوانین سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆڵی گرنگ و ئیجابی ببینێت لەو ڕوەوە.