دانیشتوانی دۆڵی سماقوڵی بۆ وەزیری ئاوەدانکردنەوە: بەڵێنەکەتان بردەسەر ئێمەش سوپاست دەکەین
08/06/2023
دانیشتوانی دۆڵی
سماقوڵی پەیامی سوپاسی خەڵکی ناوچەکەیان گەیاندە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و رایانگەیاند: ئێوە بەڵێنەکەی خۆتان بردەسەر و جێبەجێتان
کرد، ئێمەش ھاتوین سوپاست بکەین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە
(٢٠٢٣/٦/٨)، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پێشوازی لە نوێنەر
و ژمارەیەک لە دانیشتوانی سنوری دۆڵی سماقوڵی و گوندەکانی دەوروبەری کرد کە بەمەبەستی
گەیاندنی پەیامی سوپاس و پێزانین سەردانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنیان
کردبو.
نوێنەرانى
ناوچەکە بەناوی خۆپیشاندەران و دانیشتوانی سنورەکەوە سوپاس و ستایشی ھەوڵەکانی وەزیری
ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنیان کرد و رایانگەیاندوە؛ ئێوە بەڵێنەکەی خۆتان بردەسەر
و جێبەجێتان کرد، ئێمەش ھاتوین سوپاست بکەین.
لای خۆیەوە، وەزیری
ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن جەختی کردەوە، خزمەتکردنی ھاوڵاتیان بە ئەرک و واجب دەزانن
و وتی: ئێوە شایستەی لەوە زیاترن و ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتی ھاوڵاتیان
درێغی ناکەین، بەرنامەی ئێمە لەوە زیاتر بوە بەوەی رێگاکە بکەینە دوساید، بەڵام لەبەر
بارودۆخی دارایی نەکراوە، ھەمو ھەوڵێکیش دەدەین وەک بەشێک لە پلان و بەرنامەی وەزارەتمان
بۆ ئەوەی رێگاکە بکەینە دوساید.
ئەوە
لەکاتێکدایە پێشتر و دواى بەسەرکردنەوەى خۆپیشاندەران و بەڵێنى جێبەجێکردنى
داواکارییەکانیان، دانا عەبدولکەریم تیمەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنى
راسپارد بە نۆژەنکردنەوەی رێگای دۆڵی سماقوڵی، پڕۆژەکە پێکهاتوە لە نۆژەنکردنەوەو
چاککردنەوەی قیری رێگاکە لە دەربەندی گۆمەسپان تاوەکو بەنداوی سماقوڵی و لەوێشەوە
تاوەکو ھیزۆپ.