وەزیری دارایی هەرێم: دەسەڵاتدارانی عێراق لەهەموو ئەو ڕێکەوتنانە پەشیمان بوونەوە کە لە نێوان هەردولا ئەنجام درابون

11/06/2023

وەزیرى دارایى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ کەس ناتوانێت سیستەمی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان بەدەربکات لە گەندەڵی سیاسی و ئیداری و دارایی و یاسایی، بەڵام نابێت ئەو بابەتە تێکەڵبکرێت بە مافە دەستوریی و یاساییەکان.

لە راگەیەنراوێکدا، وەزیرى دارایى و ئابورى هەرێم بڵاوى کردەوە، ڕاستیەک هەیە کە کەس ناتوانێت سیستەمی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان بەدەربکات لە گەندەڵی سیاسی و ئیداری و دارایی و یاسایی، هەربۆیە بەرنامەی چاکسازی ڕاگەیاندوە بەڵام نابێت هیچ کات ڕێگە بەوە بدرێت بابەتی گەندەڵی سیاسی و بەڕێوەبردن تیکەڵ بەمافە دەستوری و یاسایی و نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرێت.

دەشڵێت: هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی لەو بڕگەو مادانەی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق کراون کە تایبەتن بە دەسەڵات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوور و هەموو ئەو بڕیار و ڕێکەوتن ولێکتێگەیشتنانەن کە لەپێش پێکهێنانی ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق لە نێوان هەرێمی کوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆکراون و دواتر لە بەرنامەی وەزاری کابینەکە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر دراو دواتریش ڕێکەوتنی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێمی بەدوادا هات.

دەقی ر‎اگەیەنراوی وەزیری دارایی و ئابوورییەوە لەسەر بەشە بودجەی هەرێم
‎ڕاستیەک هەیە کە کەس ناتوانێت سیستەمی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان بەدەربکات لە گەندەڵی سیاسی و ئیداری و دارایی و یاسایی، هەربۆیە بەرنامەی چاکسازی ڕاگەیاندوە بەڵام نابێت هیچ کات ڕێگە بەوە بدرێت بابەتی گەندەڵی سیاسی و بەڕێوەبردن تیکەڵ بەمافە دەستوری و یاسایی و نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرێت.
‎ هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی لەو بڕگەو مادانەی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق کراون کە تایبەتن بە دەسەڵات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوور و هەموو ئەو بڕیار وڕێکەوتن ولێکتێگەیشتنانەن کە لەپێش پێکهێنانی ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق لە نێوان هەرێمی کوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆکراون و دواتر لە بەرنامەی وەزاری کابینەکە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لە سەر دراو دواتریش ڕێکەوتنی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێمی بەدوادا هات و دواین ڕێکەوتنیش لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕۆژی ٤ نیسانی ٢٠٢٣ بەئامادەبونی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداد واژۆ کرا.
‎هەر لەسەرەتای ڕەوانەکردنی پرۆژە یاسای بودجە لەحکومەتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەسەڵاتدارانی عێراق لەهەموو ئەو ڕێکەوتنانە پەشیمان بوونەوە کە بەدرێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانوستان لە نێوان هەردولا ئەنجام درابوو.
‎ئەوەش ئەو ئەنجامەی دەرخست کە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بەنەفەسی دژایەتی و بچوککردنەوەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن کەئەوەش درێژکراوەی هەمان سیاسەتی شۆڤێنیانەی رژێمی پێشووی عێراقە و بەردەوامی سیاسەتێکی هەرێمی یە بەرامبەر بە دۆزی کورد.
‎ بەهۆی سەپاندنی ئەو هەموو کۆت و بەندو بارگرانیە زاڵمانەوە دۆخێکیان بەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی سەپاندووە کە بەهیچ جۆرێک مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتی هەرێمی کوردستان وەک هاولاتیەکی عێراقی نەکراوەو ئەوەش کارێک دەکات کە حکومەتی هەرێم بەگشتی و وەزارەتی دارایی نەتوانێت بەئەرکەکانی خۆی هەستێت، بۆیە سەرکۆنەی هەموو ئەو گۆڕانکاریە ستەم کارانەیە ئەکەم بەتایبەت دوای ئەوەی زۆربەی تێچوی نەوت و گواستنەوە و قەرزی (تی بی ئای) ….هتد بەبێ تەرخان خراوەتە سەر پشکی کوردستان.
‎بەداخەوە جارێکی تر بەهۆی ناکۆکی و دووبەرەکی ناوماڵی کوردو بەهۆی مزایەدەیەی سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستیەوە نەتوانرا کێشە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستیەکان جیابکرێتەوە.
‎ئەو کەش و هەوا ناتەندروستەی لە ئێستادا دروست بووەو دۆخێکی بەسەر هەرێمی کوردستان سەپاندووە هاوتای ئەنفالێکی ترە کە ئۆباڵەکەی ئەگەر جاران بەتەنیا لە ئەستۆی حزبەکانی دەسەڵات بوبێت، ئەوا لەمەودوا لەئەستۆی هەموو ئەو حزب و هێزو لایەنانەیە کە دەنگیان بە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق داوە.
‎وە ئۆباڵی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگە ئابووریی و داراییانەی کەلەمەودوا بەرۆکی حکومەتی هەرێم دەگرێت لە ئەستۆی ئەوان و حکومەتی عیراقدایە.
‎ خۆزگە ئەو هێزو لایەنانەی ناو پەرلەمانی عێراق کە بەناوی شەفافیەت و یەکسانیەوە ئەو هەموو کۆت و بەندانەیان بەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی سەپاندووە تەنها لە ١٠/ یان بەرامبەر خۆیان لە عێراق جێبەجێ بکردایە، هەر هیچ نەبێت لە ١٠ ساڵی ڕابردودا بۆ یەک جاریش حساباتی خیتامیان ڕەوانەی پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی عێراق بکردایە، بیانتوانیانە ژمارەی سەکۆ نایاساییەکانی بارکردنی نەوتیان سنوردار بکردایە و ملیارەها دۆلارە دزراوەکەی عیراق چارەنوسی دیاری بکرایە سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژانە بەسەدان هەزار بەرمیل نەوت دەبرێت و داهاتەکەی ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی و هەموو گەلی عێراق بە هەرێمیشەوە لێ ی زەرەر مەندە و ئەگەر پێچەوانەکەی بکرایە سەرەڕای دەست خۆشی ئەو کاتە هەر فشارێکیان لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوایە لێکدانەوەی شۆڤێنیمان بۆ نەدەکرد ….
‎خۆزگە بۆیەکجاریش پەرلەمانتارانی کوردم لە بەغدا ئەبینی تەنها ڕویان لە هەرێم نەبوایە و ئاوڕێکیان لە عێراقش بدایەتەوە ئاخۆ گەندەڵی لێ یە؟

ئاوات جەناب نووری
وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان.

٢٠٢٣/٦/١٠


هەواڵی زیاتر