پرۆژەی چاککردنەوەی رێگای بیارە بەڵخە لە پارێزگای ھەڵەبجە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە
20/06/2023
لەسەر فەرمانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی رێگای (بیارە - بەڵخە) لەپارێزگای ھەڵەبجە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزیرارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن دانا عەبدولکەریم غ پێشوازی لە حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە کرد و وێڕای گفتوگۆکردن لەبارەی بەرنامەو پڕۆژەکانی وەزارەت لە بواری رێگاوبان لەسنورەکە، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە سوپاسی خەمخۆری و ھەوڵەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و وەزارەتی کرد بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و خزمەتکردنی ھاوڵاتیان لە سنورەکە لەماوەی تەمەنی ئەم کابینەیە، ھاوکات گفتوگۆ کرا سەبارەت بە پرۆژەی چاککردنی رێگای بیارە بەڵخە لە ناحیەی بیارە سەر بە پارێزگای ھەڵەبجە، کە داواکاری ھاوڵاتیانی سنورەکەو ناحیەکە بو.
لای خۆیەوە، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن جەختی کردەوە، ئامانجیان خزمەتکردنی ھاوڵاتیانەو ئەوەی پەیوەست بێت بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و لە توانای وەزارەتدا بێت درێغی ناکەن.
لەو چوارچێوەیەشدا لەسەر فەرمانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن دوای ئاراستەکردنی نوسراو بۆ وەزارەتی دارایی و رەزامەندی وەزیری دارایی و ئابوری، لە داھاتویەکی نزیکدا پرۆژەی چاککردنەوەی رێگای بیارە بەڵخە بەدرێژی (٤.١)کم دەخرێتە بواری جێبەجێکردن کە بڕی زیاتر لە ١٥٨ ملیۆن دیناری لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بۆ تەرخانکراوە، ئەوەش وەک قۆناغی یەکەم بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگای بیارە تەوێڵە کە لە سێ قۆناغ پێکدێت.
جێبەجێکردنی پرۆژەکە گرنگی و بایەخی گەورەی دەبێت بۆ ناوچەکە، بەتایبەت چارەسەرکردنی گرفتی ھاتوچۆی ھاوڵاتیان لە نێوان بیارەو ھەڵەبجە،و کارئاسانی بۆ ھاتوچۆی گەشتیاران کە لە ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراقەوە سەردانی ناوچەکە دەکەن، ھەروەھا کارئاسانی بۆ ھاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکان بەوپێیەی مەرزی تەوێڵە شوشمێ دەکەوێتە سنورەکەوە.
لەھەمانکاتدا پڕۆژەی چاککردنی رێگای پردی زەڵم خورماڵ رەزامەندی وەزارەتی دارایی بۆ وەرگیراوە، کە بە گوژمەی زیاتر لە ١٤٠ ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت.